نەورۆزی هەڵەبجە تایبەت كرا بەپشتیوانی لەعەفرین

هەواڵ / کوردستان :: 20/03/2018‌ :: 342‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
وەك دەربڕینی هاوسۆزی بۆ خەڵكی عەفرین و گەلی كورد لە رۆژئاوا، ئێوارەی ئەمڕۆ لەناو بازاڕی ناحیەی خورماڵی سەر بەپارێزگای هەڵەبجە جەژنی نەورۆز تایبەتكرا بە پشتیوانی لە عەفرین.


سەنعان فایەق، سەرپەرشتیاری ئاهەنگی جەژنی نەورۆز، بە دواڕۆژی وت، وەك دەربڕینی هاوسۆزی بۆ گەلی كورد لە عەفرین و هەروەها پیرۆزكردنی جەژنی نەورۆز، بڕیارماندا ئەمساڵ جیاواز لە كردنەوەی ئاگر لەدەرەوەی شار، ئاهەنگەكە بهێنینە ناو بازاڕ و بە ئەنجامدانی چەند چالاكییەكی هونەری ئاگری نەورۆز بكەینەوە.

ئەوەشی وت "لەلایەن تیپی شانۆی خورماڵەوە چالاكی گۆڕینی جلوبەرگی ڕەش بۆ جلوبەرگی سپی ئەنجامدرا، ئەوەش وەك هێمایەك بۆ هاتنی خۆشی و شادی بۆ گەلەكەمان لەلایەك و هەروەها لەلایەكی تریشەوە بە جیهان بڵێین كە ئێمەی گەلی كورد هەمیشە گەلێكی ئاشتیخواز بووین و ئارەزووی شەڕ و كوشتنمان نەكردووە".

دواتر بە وتنەوەی سرودی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی كوردی ئاهەنگی جەژنی نەورۆز پیرۆز كرا.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure