ژمارە هەڵەکانی حکومەتی هەرێم

هەواڵ / چاوی تۆ :: 20/03/2018‌ :: 289‌ جار بینراوە

 لوقمان عومەر


تائێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی ڕاستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بڵاونەکردۆتەوە؛ بڕی ئەو پارەیەش کە پێویستە بۆ مووچەخۆران بۆ هەر مانگێک دیارنییە و هەر ڕۆژێک ژمارەیەک بڵاودەکەنەوە وەک (850؛۸۸۰؛۸۹۰؛90۰)ملیار دینار. 

ئەم ژمارانە هیچیان راست نین، لە ماوەی دوو ڕۆژدا لە نێوان وتە بێژ و وەزیری دارایی، بیست ملیار دینار جیاوازیی هەیە.

دەرچوویەکی زانکۆ تا خوێندن تەواو دەکات و هەلی دامەزراندنی بۆ دەرخسێت، تەمەنی دەبێتە نزیکەی بیست و پێنج ساڵ، ئەم دەرچووی زانکۆیە ئەگەر خوای گەورە تەمەنی پێ بدات و لە داخی ئەم دەسەڵاتە تووشی جەڵتە نەبێێت و نەمرێت، ئەوا لە تەمەنی شەست و سێ ساڵیدا خانەنشیین دەبێت. واتە سی و هەشت ساڵ خزمەت دەکات و لە کۆتاییەکانی ساڵانی خزمەتیدا مووچەی ئەم فەرمانبەرە دەبێتە نزیکەی ملیۆنێک و نۆسەد هەزار دینار بەپی یاسا. بەڵام ئەم فەرمانبەرە کە خانەنشیین بوو مووچەکەی دەبێتە نۆ سەد و بیست و هەشت هەزار، واتە بە نیوە کەمتر لە مووچەکەی خانەنشیین دەکرێت۰

ئەگەر ماوەی خزمەتی فەرمانبەریی سی و هەشت ساڵ بێت، کەواتە ساڵانە لە هەموو سی و هەشت فەرمانبەرێک یەکێکیان خانە نشیین دەبن و ئەگەر وا دابنرێت کۆی فەرمانبەرانی هەرێم یەک ملیۆن بێت کەواتە ساڵانە نزیکەی بیست و شەش هەزار کەس لە هەرێم خانەنشیین دەکرێت. واتا لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا دەبێت نزیکەی سەد هەزار کەس خانەنشین ببووبێتن. بەمەیش کۆی ئەو بڕە پارەیەی کە حکومەت لە خانەنشینبوون بۆی دەگەڕێتەوە، نزیکەی سەد ملیار دیناری مانگانەیە.

بیرمە ساڵی 2015 پێتان وتین کە مانگانە هەشت سەد و پەنجا ملیارمان پێویستە بۆ مووچە، خۆ کەستان دانەمەزراندووە کەواتە ئێستا دەبێت حەوت سەد و پەنجا ملیارتان پێویست بێت بۆ مووچەی مانگانە۰ من باسی چاکسازی و بایۆمەتریەکەی ئێوە ناکەم کە دەڵێن ئەم هەموو دوو مووچە و وەهمیەتان لابردووە.

بۆیە دەڵێم بەس ژمارەی هەڵە بڵاوبکەنەوە چونكە نەک کەس باوەڕتان پێ ناکات بەڵکو خودی خۆیشتان متمانەتان بە ژمارەکانی خۆتان نییە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure