"هه‌ر خاوه‌ن ئوتێل و مۆتێل و خواردنگه‌یه‌ك نرخ گران بكات سزاده‌درێت"

هەواڵ / ئابوری :: 20/03/2018‌ :: 345‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 
به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شتوگوزاری سۆران رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ سه‌رجه‌م ئاماده‌كارییه‌كانیان ته‌واوكردوه‌ بۆ پێشوازیكردن له‌ گه‌شتیاران، جه‌خت له‌وه‌شده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان و ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران پێشبینی ده‌كرێت زۆرترین گه‌شتیار ڕووبكه‌نه‌ ده‌ڤه‌ری سۆران. 


بارزان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران، كه‌ سنوری قه‌زاكانی سۆران، چۆمان، رواندزو مێرگه‌سۆر ده‌گرێته‌وه‌ له‌ لێدوانێكدا به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "ئێمه‌ وه‌ك گه‌شتوگوزاری سۆران هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كمان به‌ كۆتا هێناوه‌و پلانێكی وامان دارشتوه‌ كه‌ ده‌توانین پێشوازی له‌ زۆرترین گه‌شتیار بكه‌ین".

راشیگه‌یاند " ئاماده‌كاریه‌كه‌شمان به‌ جۆرێكه‌ كه‌ كه‌شێكی له‌بارو گونجاو ده‌ڕه‌خسێنین تا گه‌شتیاران كاتێكی خۆش به‌سه‌ر ببه‌ن له‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران". 

جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ئه‌منی و پۆلیسی هاتوچۆو هه‌ر چوار قایمقامه‌كان كۆبونه‌وه‌یان كردوه‌و له‌و هه‌موو ڕوێكه‌وه‌ پلانی باش و گونجاویان داناوه‌ بۆ ره‌خساندنی ده‌رفه‌تێكی هێمن و ئارام بۆ گه‌شتیاران. 

به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران وتیشی "هه‌ر خاوه‌ن ئوتێل و مۆتێل و خواردنگه‌یه‌ك هاتنی زۆری گه‌شتیاران بقۆزێته‌وه‌و نرخ گران بكات ئه‌وه‌ به‌ توندترین شێوه‌ سزا ده‌درێت". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ به‌هۆی كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان و ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی حاجی ئۆمه‌ران پێشبینی ده‌كه‌ین گه‌شتیارێكی زۆری ئێرانی، ڕۆهه‌ڵاتی كوردستان، باشورو ناوه‌ڕاستی عێراق سه‌ردانی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی سۆران بكه‌ن". 

وتیشی " ماوه‌ی دوو ڕۆژه‌ سه‌دان گه‌شتیار له‌ ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران هاتونه‌ته‌ ده‌ڤه‌ری سۆران، هاتنی گه‌شتیارانی بیانی و ناوخۆیش ده‌بێته‌ مایه‌ی بوژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی گه‌شتیاری ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌". 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە