سلێمانى؛ بازاڕى دۆلاره‌كه‌، بۆرسه‌یه‌كى گه‌وره‌ و جوڵه‌یه‌كى گه‌رمى دراو

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 19/03/2018‌ :: 1480‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆڕتى - سامان قوبادى 
بازاڕى ئاڵوگۆڕى دراوى سلێمانى ناسراو به‌ (بازاڕى دۆلاره‌كه‌) بووه‌ته‌ ناوه‌ندێكى گرنگى دارایى و جێگره‌وه‌ى بانكه‌كان بۆ كڕین و فرۆشتن و ئاڵوگۆڕى دراو، وه‌ك ده‌وترێت، ئه‌گه‌ر رۆژێك دابخرێت كاریگه‌ریى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر دۆخى دارایى و بازرگانى هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت تا ئاستى وه‌ستان و نه‌مانى جموجوڵ.


بازاڕى دۆلاره‌كه‌ى سلێمانى كه‌ ئێستا دوو بازاڕه‌، یه‌كه‌میان كۆنه‌كه‌ ساڵى 1991وه‌ دامه‌زراوه‌و، 137 كۆمپانیا و نوسینگه‌، دووه‌م سه‌یوان (شه‌وكه‌تى مه‌لا) 155 كۆمپانیاى ئاڵوگۆڕى دراویان تێدایه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ش بازرگان و سه‌رمایه‌دارى گه‌وره‌ هه‌یه‌ دێنه‌ بازاڕه‌كه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى به‌ده‌ستهێنانى قازانج و یان كڕینى دراوه‌ بیانییه‌كان دێنه‌ بازاڕى دۆلاره‌كه‌، به‌گشتیش كه‌ ده‌وترێت بازاڕى دۆلار یان سه‌ڕافى، دارایى كه‌رتى تایبه‌ت ده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌پێى یاساكانى حكومه‌ت به‌ڕێوه‌ده‌برێت.

جه‌بار گۆران به‌ڕێوه‌به‌رى كۆمپانیاى فه‌ره‌یدون بۆ ئاڵوگۆڕى دراو، له‌ بازاڕى دۆلاره‌كه‌ى سلێمانى بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت "كه‌سێك بییه‌وێت كۆمپانیاى ئاڵوگۆڕى دراو دابمه‌زرێنێت، ده‌بێت له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه‌ مۆڵه‌ت وه‌ربگرێت، چونكه‌ دواى ریفراندۆم و رووداوه‌كانى 16 ئۆكتۆبه‌ر به‌غدا مۆڵه‌تى دامه‌زراندنى كۆمپانیاكانى بوارى ئاڵوگۆڕى دراوى بۆ خۆى گه‌ڕانده‌وه‌".

وتیشى "كاتێك مۆڵه‌تى بانكێك یان كۆمپانیایه‌ك بوارى دراو ده‌درێت راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیت به‌ بانكى مه‌ركه‌زییه‌وه‌ ده‌بێت، دواتر ده‌بێته‌ هاوپشكى بانكه‌كه‌ و رۆژانه‌ش ئه‌و دۆلاره‌ى  ده‌یخانه‌ بازاڕه‌وه‌ وه‌كو كۆمپانیاى سه‌رافى پشكت ده‌بێت.

بازاڕه‌ تازه‌كه‌ى ئاڵوگۆڕى دراودا كه‌ ناوى سه‌یوانه‌ 137 كۆمپانیاى تێدایه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر كۆمپانیایه‌ك رۆژانه‌ مامه‌ڵه‌ به‌  50 هه‌زار دۆلار بكات، ئه‌وا له‌ یه‌ك رۆژدا نزیكه‌ى 50 ملیۆن دۆلار مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌كرێت، كۆمپانیاش هه‌یه‌ رۆرژانه‌ مامه‌ڵه‌ به‌ نزیكه‌ى 3 ملیۆن دۆلاره‌وه‌ ده‌كات، به‌ڵام به‌ هه‌ردوو بازاڕه‌كه‌وه‌ رۆژانه‌ مامه‌ڵه‌ به‌ نزیكه‌ى 100 ملیۆن دۆلاره‌وه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام ئاڵوگۆڕى دراو له‌نێوان دینار و دۆلاردا به‌نموونه‌ له‌ بازاڕه‌ تازه‌كه‌دا كه‌ 137 كۆمپانیاى تێدایه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌كه‌یان له‌ رۆژێكدا مامه‌ڵه‌ به‌ 50 هه‌زار دۆلاره‌وه‌ بكات به‌رامبه‌ر به‌ دینار ئه‌وا رۆژانه‌ ده‌گاته‌ نزیكه‌ى 10 ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕى دینار به‌رامبه‌ربه‌ دۆلار. 

بازاڕه‌ دۆلاره‌كه‌ و مایه‌پوچبوونى بازرگانان

له‌كاتى دامه‌زراندنى بازاڕى دۆلاره‌كه‌ و به‌هۆكارى جیاجیا خاوه‌نى كۆمپانیا و نوسینگه‌كانى ئاڵوگۆڕى دراو توشى مایه‌پووچ بوون بوونه‌ته‌وه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ خاوه‌نى كۆمپانیاى فه‌ره‌یدون ده‌ڵێت "به‌درێژایى ته‌مه‌نى بازاڕى دۆلاره‌كه‌ ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى  مایه‌پوچ بوون له‌ 10 كه‌س تێناپه‌ڕێت، گه‌وره‌ترین مایه‌پووچیان له‌ ساڵى 2017دا بوو، كه‌ یه‌كێك له‌ بازرگانه‌كان به‌بڕى 26 ملیۆن دۆلار ئیفلاسفى كرد".

وتیشى "بازاڕى دارایى سلێمانى زۆر له‌وه‌ به‌هێزتر و گه‌وره‌تره‌ شكست بهێنێت، پله‌به‌ندى بازاڕه‌ داراییه‌كانی هه‌رێمیش یه‌كه‌میان هه‌ولێره‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى پایته‌خته‌ و پاره‌ى نه‌قدى زۆرتره‌، دووه‌م به‌هێزتریش بازاڕیش سلێمانییه‌، مایه‌پووچ بوونى نوسینگه‌ یان كۆمپانیاى ئاڵوگۆڕى دراو له‌ بازاڕى دۆلاره‌كه‌، له‌ دوو لایه‌نه‌وه‌ كاریگه‌ریى ده‌بێت له‌سه‌ر بازاڕ یه‌كه‌م له‌ رووى ده‌روونی خه‌ڵكه‌وه‌ كاریگه‌ریى خراپ له‌سه‌ر دۆخى بازاڕ دروست ده‌كات، دووه‌م كاتێك ده‌ڵێین بازاڕى دارایى ده‌بێت به‌رده‌وام پاره‌ى تێدا بێت".

بازارى دۆلاره‌كه‌ و بانك
یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌كان كه‌ بۆ بانكه‌كان و بازاڕى دۆلاره‌كه‌ دروست بووه‌، ناتوانرێت به‌ راسته‌وخۆ پاره‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ بنێردرێت، به‌ووته‌ى جه‌بار گۆران، له‌نێوان بانكه‌كانى هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌دا سیستمى نێتۆرك نییه‌، سیاسه‌تى نه‌ختینه‌یى عێراقیش رێگه‌ نادات بانكێك دابمه‌زرێنین په‌یوه‌ندى به‌ بانكه‌كانى ده‌ره‌وه‌ هه‌بێت، واته‌ ئه‌گه‌ر له‌ كه‌سێك له‌ سلێمانییه‌وه‌ پاره‌ بنێریت بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات ده‌چێته‌وه‌ یه‌كێك له‌ بانكه‌كانى به‌غدا دواتر بانكه‌كانى عه‌مان یان دووبه‌ى و ئیسته‌نبوڵ پاشان ده‌گاته‌ شوێنى مه‌به‌ست له‌به‌ر ئه‌وه‌ كاره‌كه‌ به‌ راسته‌خۆ ناكرێت، ئه‌مه‌ش واده‌كات پاره‌كه‌ دره‌نگتر بگات شوێنى مه‌به‌ست.

له‌ئێستادا به‌هۆى كه‌مبونه‌وه‌ى پاره‌ له‌ بانكه‌كاندا نه‌مانى ئاڵوگۆڕى دراو، بازاڕه‌ داراییه‌ بچووكه‌كان به‌ جێگره‌وه‌ى بانكه‌كان ده‌ده‌نرێت، هاوكات چه‌ندین جیاوازیش له‌نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌ ئاڵوگۆڕى دراودا.

له‌وباره‌یه‌وه‌ هاوار شێخ ره‌ئوف، شاره‌زاى بوارى دارایى و بانك بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت "بازاڕه‌ داراییه‌ بچووكه‌كانى وه‌ك دۆلاره‌كه‌ جێگه‌یه‌كى گرنگیان گرتووه‌ له‌ ئابوورى هه‌رێمى كوردستاندا، به‌ حوكمى ئه‌وه‌ى ئه‌ركى له‌ ناردن و هێنانه‌ ناوه‌ى دراوى گرتۆته‌ ئه‌ستۆ، بۆیه‌ لایه‌نێكى سه‌ره‌كى ئابورى هه‌رێم پێكده‌هێنێت، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ى بازاڕێكه‌ بۆ كڕین و فرۆشتنى دراو به‌تایبه‌ت دۆلار".

وه‌ك هاوار شێخ ره‌وف باسى ده‌كات، به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى هه‌رێم به‌هێزه‌و له‌  ئێستاشدا بانكه‌كان ناتوانن به‌پێى پێویست رۆڵ ببینن، بۆیه‌ تائاستێكى باش توانیویانه‌ ببنه‌ جێگره‌وه‌ى بانكه‌كان و رۆڵى گرنگ و گه‌وره‌ بگێڕن.

سه‌باره‌ت به‌ جیاوازییه‌كانى نێوان بازاڕه‌ داراییه‌ بچووكه‌كان و بانكه‌كان ئه‌و شاره‌زایه‌ى بوارى دارایى و بانك وتیشى"بانك كه‌متر مایه‌پووچ ده‌بێت، چونكه‌ به‌پێى پێوه‌رى زانستى كارده‌كات و له‌ژێر كۆنتڕۆڵ و چاودێرى بانكى مه‌ركه‌زی عێراقدایه‌ و  یه‌ده‌گى یاسایى هه‌یه‌ له‌ بانكه‌كه‌ له‌ هه‌ر حاڵه‌تێكى مایه‌پووچ بووندا به‌كارده‌هێنرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ بازاڕى دۆلاره‌كه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كار به‌ سیستم ناكرێت و شێوازى كلاسیكى په‌یڕه‌و ده‌كرێت، به‌ڵكو مه‌ترسیشى زۆرتره‌، ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌وێ مایه‌پووچ بێت هیچ پاڵپشتییه‌ك یاسایى نییه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌.

له‌باره‌ى به‌ یاسایى كردنى بازاڕه‌ داراییه‌ بچووكه‌كان هاوار شێخ ره‌وف ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو: پێشتر هه‌وڵێك هه‌بوو سه‌رجه‌م ئه‌و نوسینگانه‌ى له‌ بازاڕى دۆلاره‌كه‌دا هه‌ن بكرێن به‌ كۆمپانیا و یاساى كۆمپانیاكانیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ بكرێت، هاوكات بانكى مه‌ركه‌زى جۆرێك له‌ چاودێرى هه‌بێت به‌سه‌ریانه‌وه‌، به‌ڵام نه‌گه‌یشته‌ ئه‌نجام.

بازاڕى دۆلاره‌كه‌ بۆ بازرگانان گرنگى خۆى هه‌یه‌، به‌و پێیه‌ى رۆژانه‌ له‌وێوه‌ كاروبارى دارایى خۆیان به‌ڕێده‌كه‌ن، هه‌ندێكیشیان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پشت به‌ بانك ده‌به‌ستن، بورهان عه‌لى خاوه‌نى كۆمپانیاى بورهان له‌ بوارى بازرگانى خۆراكدا بۆ دواڕۆژ باس له‌وه‌ ده‌كات،  تاڕاده‌یه‌كى زۆر سوودمان له‌ بازاڕى دۆلاره‌كه‌ بینیوه‌ و ئاسانكارى باشى بۆ بازرگانان كرووه‌ به‌تایبه‌ت بۆ ئاڵوگۆڕى پاره‌، به‌ڵام كێشه‌شمان بۆ دروست ده‌بێت، چونكه‌ ئێمه‌ بازرگانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى ئه‌وروپا ده‌كه‌ین".
 
رونیشیكرده‌وه‌ "ئه‌گه‌ر گواستنه‌وه‌ى پاره‌ له‌ڕێگه‌ى بانكه‌وه‌ به‌ سیستمى پێشكه‌وتوو و نوسراى بانكى نه‌بێت دانیپێدا نانرێت و كێشه‌مان بۆ دروست ده‌بێت، جگه‌له‌وه‌ش له‌ بازاڕى دۆلاره‌كه‌ بڕى عموله‌ى زیاترمان له‌به‌رامبه‌ر گواستنه‌وه‌ى پاره‌ لێوه‌رده‌گرن، له‌ئێستاشدا ناچارین ته‌نها له‌رێگه‌ى نوسینگه‌ و كۆمپانیاكانى بازاڕى دۆلاره‌كه‌ پاره‌ بنێرین یان وه‌ریبگرێن، چونكه‌ بانك پاره‌ حه‌واڵه‌ ناكات له‌م دۆخه‌دا.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە