پزیشکانی چه‌مچه‌ماڵ-یش بایکۆتیان راگه‌یاند

هەواڵ / کوردستان :: 19/03/2018‌ :: 1227‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌ختیار شه‌ریف
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 19ی ئازار، پزیشکانی خولاو له‌ سنوری قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ بایکۆتی نه‌خۆشخانه‌ و مه‌ڵبه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌کانیان کرد.


ئه‌یوب حه‌مه‌غه‌ریب، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی چه‌مچه‌ماڵ به‌دواڕۆژی راگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی که‌ بڵاوکرایه‌وه‌ مووچه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وه‌کو پێشوو به‌پێی سیسته‌می پاشکه‌وت دابه‌شده‌کرێت، ئه‌مڕۆ مانگرتنی خۆڕسکانه‌ له‌ناوه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌کان راگه‌یەنرا و چه‌مچه‌ماڵیش بایکۆتیکرد.

وتیشى "مانگرتنی کارمه‌ندانی ته‌ندروستی سنوری قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ زیاتر پزیشکانی خولاوی گرته‌وه‌، که‌ سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانین، به‌ڵام کاریگه‌ری ته‌واوی نه‌رێنی ده‌بێت له‌سه‌رمان، چونکه‌ شوێنه‌کانیان شوێنی پێویست و گرنگن که‌ له‌به‌شی فریاکه‌وتن کاردەکەن".

جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی چه‌مچه‌ماڵ ئه‌وه‌شی وت "وه‌کو لایه‌نی ئیداری له‌هه‌وڵداین ئه‌م مانگرتنه‌ سنوره‌که‌مان نه‌گرێته‌وه‌".

داواشیکرد حکومه‌تی هه‌رێم ئاوڕ له‌ که‌رتی ته‌ندروستی و ژیان و گوزه‌رانی کارمه‌ندانی ته‌ندروستی بداته‌وه‌، چونکه‌ مانگرتنی که‌رتی ته‌ندروستی ده‌بێته‌هۆی گیانله‌ده‌ستدانی هاووڵاتیان و قورسترکردنی ژیانی هاووڵاتیانی که‌مده‌رامه‌ت.

پێش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پزیشك و به‌شێك له‌ كارمه‌ندانى ته‌ندروستى نه‌خۆشخانه‌كانى سلێمانى و چه‌ند ناوچه‌یه‌كى تر به‌هۆى ناڕه‌زایه‌تیان له‌سه‌ر به‌رده‌وامى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ بایكۆتى ده‌وامیان راگه‌یاند.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure