ئه‌ردۆگان خه‌و به‌چییه‌وه‌ ده‌بینێت؟

هەواڵ / چاوی تۆ :: 19/03/2018‌ :: 399‌ جار بینراوە

تاگ :: سیاسى

رامیار جمال
زۆرێک ده‌بێژن که‌ له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک داین و له‌ قۆناغێکداین که‌ هه‌موان باس له‌ مافی مرۆڤ و دیموکراسی ده‌که‌ن، هه‌رچی ده‌می ده‌کاته‌وه‌ له‌سه‌ر که‌رامه‌ت و شکۆمه‌نديی مرۆڤ ده‌دوێت و باس له‌ خه‌بات له‌پێناو کۆمه‌ڵگةیه‌ک ده‌که‌ن که‌ ئاشتی و ئازاديی له‌خۆبگرێت و مرۆڤسالاريی کولتوری باوی وه‌ها کۆمه‌ڵگةیه‌ک بێت، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌مانه‌ وێردی سه‌ر زمان بن و یه‌کانگیر بێت له‌گه‌ڵ گوتاری پاسیفیست و ئایدیالیسته‌کان، وه‌ ئه‌و نووسه‌رانه‌ی که‌ هه‌موو شتێک په‌یوه‌ست به‌ تیۆری لیبرالیسمه‌وه‌ شی ده‌که‌نه‌وه‌. به‌ڵێ، دوونیای خه‌یاڵ و فانتاسیای بیرمه‌ندان شتێک و، واقعی سیاسی دوونیایه‌کی تره‌. با له‌ کرۆکی بابه‌ته‌که‌ دوور نه‌که‌وینه‌وه‌. 

به‌شێکی زۆری خه‌ڵکی رۆژئاوا، تورکیا به‌ وڵاتێکی ئه‌وروپا ناوده‌به‌ن، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێک نه‌خشه‌ی تایبه‌ت به‌ کیشوه‌ری ئه‌وروپا، تورکیا به ‌به‌شێک و وڵاتێکی گرنگی ئه‌م ناوچه‌یه خه‌مڵێنراوه‌، به‌رِاده‌یه‌ک که‌ خه‌ڵکانێک به‌ باشی ده‌زانن کۆچ بۆ ئه‌و ولَاته‌ بکه‌ن ئه‌ویش به‌و بیانووه‌ی که‌ له‌ تورکیا مرۆڤ ئازاده‌ و ده‌ر‌فه‌ت بۆ هه‌موان بێ جیاوازيی هه‌یه‌ به‌ دیموکراسیه‌کی گه‌شه‌سه‌ندوويشه‌وه‌. به‌ڵام له‌رِاستیدا، ئه‌م روئیایانه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی فانتاسیای لیبرالَه‌کان تێناپه‌رێت. دونیای واقع پێمان ده‌لَێت که‌ تورکیا وڵاتێکه‌ لێوانلێوه‌ له‌ دیکتاتۆری، له‌ لوتکه‌ی فاشیسمدایه‌، نه‌ دیموکاراسی و نه‌ پایه‌کانی، شوێنه‌واریان له‌م ولَاته‌ نییه‌. ئاخر کولتور و مێژوو و ده‌ستوری ولَاته‌که‌ دژ به‌ دیموکراسى و مافی مرۆڤن. 

له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی کۆماری تورکیاوه‌ -1923- چه‌شنێک له‌ دیموکراسی به‌دیناکرێت، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت تةمییزه‌ بةرانه‌به‌ر پێکهاته ‌و غیره‌ تورک و نه‌ته‌وه‌کانی تر و گه‌لی کوردیش به‌تایبه‌تی. سه‌رکرده‌یه‌کی سیاسی نه‌بینرا که‌ پشتیوانی له‌ کورده‌کان له‌و وڵاتةدا‌ بکات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ گه‌ر سه‌رکرده‌ی تورک نه‌زانێت چؤن کورده‌کان قتڵوعام بکات و دژ به‌ کورد نه‌بێت، نایکه‌ن به‌ سه‌رکرده‌. 

ئه‌ردۆگان کاتێک هاته‌ سه‌ر ده‌سه‌لَات، سه‌ره‌تا باسی ئازادی و دیموکراسی کرد و ته‌نانه‌ت موباده‌ره‌ی پرۆسه‌ی ئاشتیشی له‌گه‌ڵ کورده‌کان کرد، به‌ڵام ئامانجی ته‌نها و ته‌نها پته‌وکردنی پێگه‌که‌ی خۆی بوو. ئه‌م به‌ناو سه‌رکرده‌یه‌ هیچی که‌متر نییه‌ له‌ دیکتاتۆره‌کانی وه‌کو هیتله‌ر و مۆسۆلینی و سةدام حسین و سه‌رکرده‌ خوێنمژه‌کانی تری بلۆکی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا. ئه‌ردۆگان خه‌ون به‌ گێرِانه‌وه‌ی سولَتانیه‌تی عوسمانییه‌وه‌ ده‌بینێت و هه‌موو شتێک له‌پێناو گێرِانه‌وه‌ی ئه‌و سوڵتانیه‌ته‌ ده‌کات، ئینجا به‌ کۆمه‌ڵکوژيی کورده‌کان بێت یا هاوکاریکردن له‌گه‌ڵ رێکخراوی تیرۆرستی داعش.

هه‌موو ئاکار و کرداره‌کانی تورکیا و دیکتاتۆره‌که‌ی، ئاماژه‌ن بۆ خه‌ونی پاوانخوازيی ده‌ولَه‌ته‌که‌ی و گه‌رِاندنه‌وه‌ی ئیمپراتۆره‌ مێژووییه‌که‌ی. به‌بیانووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر رۆژئاوای کوردستان، به‌بیانووی بوونی مۆڵگه‌کانی په‌که‌که‌ بۆردوومان و تۆپبارانی کوردستانی باشور ده‌کات. بالَیۆزی روسیا به ‌به‌رچاوی هه‌موو کامێراکانه‌وه‌ له‌ وڵاته‌که‌ی ده‌کوژێت، ده‌ست تێکه‌ڵ ده‌کات له‌گه‌ڵ ئيَران و عیَراق بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر که‌رکوک، ئه‌ویش به‌و هۆکاره‌ که‌ تا ئێستاش چاوی له‌سه‌ر که‌رکوکه‌، -که‌رکوک شارێکی ستراتیژيی ئیمراپتۆری عوسمانی بوو- ئه‌مانه ‌و چه‌ندین نموونه‌ی تریش ئیسپاتی ده‌که‌ن که‌ ئه‌ردۆگان خه‌ونی پاوانخوازيی و گێرِانه‌وه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانيی هه‌یه‌. 

ئایا ئه‌مریکا و هێزه‌ ئه‌وروپییه‌کان، تا چه‌ند و چ راده‌یه‌ک بێده‌نگی له‌ ئاست درنده‌یی و ملهورِيی تورکیا و ده‌سه‌لَاته‌که‌ی هه‌لَده‌بژێرن؟ داهاتوو وه‌ڵاممان ده‌داته‌وه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure