سەندیکاى کارمەندانى تەندروستى: هەڵوێستەکانمان گشتگیرتردەبێت

هەواڵ / کوردستان :: 19/03/2018‌ :: 354‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
دواى سێ مانگ لەچاوەڕوانى وەرگرتنى مووچەى بێ پاشەکەوت، سەرەنجام بڕیاردرا کە مووچە بەشێوەى پاشەکەوت بۆ وەزارەتەکانى تەندروستى و پەروەردە بەردەوام دەبێت، نەقیبى سەندیکاى کارمەندانى تەندروستیش رایدەگەیەنێت، ئەوەى کراوە جەنگى دەروونى بووە لەگەڵمان و دەبێ وەزارەتى دارایى و حکومەتى هەرێم رونکردنەوە بدەن، بەپێچەوانەوە هەڵوێستەکانمان گشتگیرتر دەبێت.

جەبار محەمەد، نەقیبى سەندیکاى کارمەندانى تەندروستى لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەماوەى رابردوودا، چەندجارێک باس لەپێدانى مووچەى تەواو و تەنانەت دوو مووچە دەکرا بۆ وەزارەتى تەندروستى و وەزارەتى پەروەردە، بەڵام بەداخەوە ئەمەش جارێکى تر یاریەکى ترى سیاسى بەغدا بوو کە بەئێمەى کرد، بەرپرسانى هەرێمیش هەستیان بەو یارییە نەکرد.

وتیشى "تاوەکو دوێنێ یەکشەممە بڕیاربوو موچەى ئەو دوو وەزارەتە رەوانە بکرێ، بەڵام لەناکاو وەزارەتى دارایى و ئابورى رایدەگەیەنێت، ئەو پارەیەى هاتوە بۆ سەرجەم مووچەخۆرانە، ئەمەش کاردانەوەى دەروونى زۆر خراپى لێکەوتەوە، وایکرد کاردانەوەى راستەوخۆى هەبێ لەسەر ناوەندەکان و بایکۆتى دەوام بکرێ، هەرچەندە شوێنە فریاکەوتنەکانى نەگرتۆتەوە، بەڵام رووى رەخنەمان لەوەزارەتى دارایى ئەوەیە کە پێویست بوو پێشتر ئەو رونکردنەوەیەى هەبوایە و لەناکاو نەبوایە، چونکە چەند مانگێکە ئومێدێک هەبوە بەپێدانى مووچەى تەواو، حکومەتى هەرێمیش هیچ هەڵوێستێکى لەسەر ئەم پرسە نەبوە".

لەکۆتاییشدا وتى "پێویستە حكومەتي هەرێم و وەزارەتى دارایى رونکردنەوە لەسەر ئەم بابەتە بدەن، بەپێچەوانەوە هەڵوێستەکانمان گشتگیرتر دەبێ" و داواشى لەکارمەندانى تەندروستى کرد کە رێگە نەدەن بەرژەوەندى گشتى بکەوێتە مەترسى و هاووڵاتیانى هەژار زەرەرمەند بن، پشتیوانیش لەهەموو نارەزایەتیەک دەکەن لەهەر کوێیەک بێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە