پارێزگایه‌كى دیكه‌ى هه‌رێم سێ ڕۆژ ماته‌مینى بۆ عه‌فرین ڕاگه‌یاند

هەواڵ / کوردستانی :: 18/03/2018‌ :: 634‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
ئەمشەو یەکشەممە 18ی ئازار، پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ بەهۆی داگیركردنى عه‌فرین و كۆمه‌ڵكوژی هاووڵاتیان و تاڵانكردنى سه‌ر و ماڵیان، بڕیاریدا به‌ ڕاگه‌یاندنى ماته‌مینى سه‌رتاسه‌رى له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئاهه‌نگه‌كانى تایبه‌ت به‌ جه‌ژنى نه‌ورۆز.


عه‌لى عوسمان، پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌وه‌كاله‌ت به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "وه‌كو هاوسۆزى بۆ خه‌ڵكى عه‌فرین و هه‌روه‌ها شه‌رمه‌زاركردنى ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌ى كه‌ له‌ عه‌فرین ئه‌نجامده‌درێت بڕیارماندا كه‌ له‌ سبه‌ینێوه‌ بۆ ماوه‌ى سێ ڕۆژ ماته‌مینى سه‌رتاسه‌رى له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ڕابگه‌یه‌نین".

وتیشی "هه‌ر به‌هۆی داگیركارییه‌كانى سه‌ر عه‌فرین و ئاواره‌بوونى هه‌زاران هاووڵاتى ئه‌و شاره‌ بڕیارماندا سه‌رجه‌م ئه‌و ئاهه‌نگانه‌ى كه‌ بڕیاربوو به‌بۆنه‌ى جه‌ژنى نه‌ورۆزه‌وه‌ ئه‌نجامبدرێن هه‌ڵبوه‌شێنینه‌وه‌ له‌برى ئاهه‌نگگێران هاوخه‌مى له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى عه‌فرین ده‌رده‌بڕین".

له‌ دواى 58 ڕۆژ به‌رخودان، ئه‌مڕۆ سوپاى توركیا و هێزه‌ هاوپەیمانەکانیان توانیان ناوه‌ندى بچنەناو عه‌فرین و داگیری بكه‌ن و سوكایه‌تى به‌ هێما و خه‌ڵكى كورد بكه‌ن له‌ شاره‌كه‌دا و له‌ هه‌ندێك شوێنیش كۆمه‌ڵكوژییان ئەنجامدا.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure