به‌فه‌رمی شكستی دروستكردنی به‌ره‌ی ئیسلامییەکان ڕاگه‌یەنرا

هەواڵ / کوردستان :: 18/03/2018‌ :: 371‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
لیژنه‌ی هاریكاری یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی، ئاشكرایده‌كات به‌هۆی نه‌هاتنه‌ژێر باری كۆمه‌ڵی ئیسلامی، دروستكردنی به‌ره‌ی هاوبه‌ش و لیستی ئیسلامی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو.


به‌پێی راگه‌یەنراوێكی لیژنه‌ی هاریکاری ئیسلامی هه‌رسێ لایه‌نی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی، كه‌ ئه‌مڕۆ 18  ئازار بڵاویانكردووەته‌وه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووە لیژنەی هاریکاری ئیسلامی ماوەیەکە لە هەوڵی کۆکردنەوەی نێوماڵی ئیسلامی و نزیککردنەوەی لایەنە ئیسلامییەکاندابوو، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین پرۆژەو پێشنیازیان پێشکەشکردوون و میکانیزمی جێبەجێکردنیشیان دیاری کردووە، بەڵام ئەنجامی پێویستی نەبووە.

له‌ ڕاگه‌یەنراوه‌كه‌دا هاتووه‌ "لەدوا هەوڵماندا پێشنیازی یەک لیستیمان کرد بۆ لایەنەکان، بەڵام برایانی (کۆمەڵی ئیسلامی) لەم قۆناغەداو لەبەر کۆمەڵێک هۆکار یەک لیستییان پێ باش نەبوو، ئێمەش ڕێزمان لەبۆچوونەکەیان گرت".

جەخت له‌سه‌ر ئه‌وەشدەکەنەوە کە برایەتی ئیمانی و پڕۆژەی ئیسلامی لەیەک لیستی گەورەترە، بۆیە وەك لەراگەیەنراوەكەدا هاتووە "بەپێویست زانراوە هەموولا لەهەوڵی بەرجەستەکردن و پتەوکردنیدابن".

لای خۆیه‌وه‌ سه‌لیم كۆیی، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی بۆ دواڕۆژ، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌وان وه‌كو كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ قۆناغی ئێستادا له‌گه‌ڵ دروستكردنی هیچ به‌ره‌و لیستێكی هاوبه‌ش نین، چونكه‌ قۆناغه‌كه‌ ئه‌وه‌ ناخوازێت.

وتیشی "كاری هاوبه‌ش و به‌یه‌كه‌وه‌بوونی لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت، چونكه‌ ئێمه‌ نزیكی و برایه‌تی لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان به‌ زه‌روور ده‌زانین".

ماوه‌ی زیاتر له‌ساڵێكە هه‌رسێ لایه‌نی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌و كۆنفرانسیان له‌باره‌ی دروستكردنی به‌ره‌ی ئیسلامی ئه‌نجامدا، دواجاریش لیژنه‌ی هاریكاری ئیسلامییه‌كانیان دروستكرد، به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردنی لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان به‌ یه‌كه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان و عێراق.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure