لیستی برایه‌تی: سه‌ردانه‌كه‌ی پارێزگاری كه‌ركوك بۆ توركیا گوماناوییه‌

هەواڵ / کوردستان :: 18/03/2018‌ :: 418‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
ئه‌ندامێكی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی لیستی برایه‌تی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی راكان سه‌عید جبووری بۆ توركیا رایگه‌یاند، پێكهاته‌ی وه‌فده‌كه‌ و كاتی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ئه‌و وه‌ڵاته‌ گوماناوییه‌.


سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ راكان سه‌عید جبووری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت به‌سه‌رۆكایه‌تی وه‌فدێك سه‌ردانی توركیای كرد، ‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كوردێك له‌چوارچێوه‌ی وه‌فده‌كه‌دا بێت.

وه‌فده‌كه‌ پێكهاتبوو له‌ عه‌لی مه‌هدی ئه‌ندامی لیستی به‌ره‌ی توركمانی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، بورهان مزهر عاسی سه‌رۆكی لیژنه‌ی كشتوكاڵ، یاڵچن مه‌هدی به‌ڕێوه‌به‌ری دابه‌شكردنی كاره‌با و سه‌دام نعێمی نوێنه‌ری سندوقی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كه‌ركوك.

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی لیستی برایه‌تی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌دواڕۆژ ی وت "سه‌ردانه‌كه‌یان په‌یوه‌ندی به‌ئه‌جێندای سیاسییه‌وه‌ هه‌یه ‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندی به‌كاری خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ نه‌بووه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی ئاماژه‌یان پێكردووه"‌.

وتیشی "نه‌بوونی هیچ ئه‌ندامێكی كورد له‌پێكهاته‌ی وه‌فده‌كه‌دا وایكردووه‌ سه‌ردانه‌كه‌یان گوماناوی بێت و بۆ پیلانگێڕییه‌ له‌دژی كورد و كه‌ركوك".

عه‌سكه‌ری ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا وه‌فدێكی ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا ناسراو به‌ "میت" سه‌ردانی پارێزگای كه‌ركوكیان كردووه و له‌گه‌ڵ راكان سه‌عید و ئه‌ندامانی لیستی به‌ره‌ی توركمان كۆبوونه‌ته‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure