فاروق گرووپ ئاماده‌كاریى گه‌وره‌ بۆ وه‌رزى گه‌شتوگوزار ده‌كات

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 18/03/2018‌ :: 4289‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادى 
له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا هیوا حه‌مه‌خان، به‌ڕێوه‌به‌رى دارایى زنجیره‌ ئوتێله‌كانى فاروق، باس له‌ نوێترین پلان و پڕۆژه‌ و تازه‌گه‌رییه‌كانیان ده‌كات بۆ وه‌رزى به‌هار و هاتنى گه‌شتیار، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه‌ به‌هۆى گۆڕانكارییه‌كان و كردنه‌وه‌ى فڕۆكه‌خانه‌كانه‌وه‌ چاوه‌ڕوانى هاتنى ژماره‌یه‌كى زۆر گه‌شتیار ده‌كه‌ن بۆ سلێمانى و دوكان و ده‌ڵێت "داوا له‌ حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى گه‌شتوگوزار ده‌كه‌ین كار بكه‌ن بۆ هێنانى كۆنگره‌ و كۆنفرانسه‌كان له‌ به‌غداوه‌ بۆ سلێمانى". 

دواڕۆژ: له‌گه‌ڵ هاتنى وه‌رزى گه‌شتوگوزاردا، زنجیره‌ هۆتێله‌كانى فاروق چ ئاماده‌كارییه‌كیان كردووه‌ بۆ پێشوازیى له‌ گه‌شتیاران؟
هیوا حه‌مه‌خان: زنجیره‌ ئوتێله‌كانى فاروق له‌به‌ر ئه‌وه‌ى چوار و پێنج ئه‌ستێره‌ن، هه‌میشه‌ میوان و كار و بازرگانى خۆمان ده‌بێت، به‌ڵام جیاوازیى ئه‌م نه‌ورۆزه‌ له‌گه‌ڵ ساڵه‌كانى تردا له‌وه‌دایه‌ كه‌ نزیكه‌ى شه‌ش مانگه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ دۆخێكى ئابوریى زۆر خراپدایه‌، به‌هۆى داخستنى فڕۆكه‌خانه‌ و ده‌روازه‌كانى تر، ئێستاش بڕیارى كردنه‌وه‌ى فڕۆكه‌خانه‌كان دراوه‌، بۆیه‌ هاوكات پلانمان دانا بۆ وه‌رزى گه‌شتوگوزار، له‌ رووى زیادكردنى ستافى كاركردن هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كمان كردووه‌. سه‌باره‌ت به‌ ئۆتێله‌كانى ناو سلێمانى كه‌ بریتین له‌ گراند میلینیۆم و كۆپ سۆرن و كوردستان میلینیۆم، نوێكردنه‌وه‌ و تازه‌گه‌ریمان ئه‌نجامداوه‌، هه‌روه‌ها له‌باره‌ى زیادكردنى كه‌ره‌سته‌ى ئۆپه‌ره‌یشن و ده‌ستیكاریش بۆ شوێنه‌كان، له‌ كاركردنداین. 

دواڕۆژ: چه‌ند ئوتێلتان له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌ و چه‌ند ئه‌ستێره‌ین؟ هاوكات ده‌مه‌وێت باس له‌ ئوتێل ئاشور بكه‌یت كه‌ كارى نۆژه‌نكردنه‌وه‌تان بۆ كردووه‌؟

هیوا حه‌مه‌خان: فاروق گروپ چوار ئوتێلى هه‌یه‌ كه‌ سیانیان له‌ژێر ناوى زنجیره‌ ئوتێله‌كانى میلینیۆم و كۆپ سۆرن-دان، ئه‌وانیش بریتین له‌ گراند میلینیۆم و كوردستان میلینیۆم-ى پێنج ئه‌ستێره‌ و كۆپ سۆرن-ى چوار ئه‌ستێره‌ له‌ سلێمانى، جگه‌له‌وه‌ له‌ دوكان ئوتێل ئاشور و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى گه‌شتیارییمان هه‌یه‌.  له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 2000وه‌ ئوتێله‌كه‌ نۆژه‌نكرابووه‌وه‌، بۆیه‌ پێویستى به‌ تازه‌گه‌ریى هه‌بوو، له‌ وه‌رزى زستاندا سه‌رجه‌م ژووره‌كان به‌ حه‌مام و ته‌والێت و رێڕه‌و و شوێنى دانیشتن و مه‌له‌وانگه‌ى ده‌ره‌وه‌ و مه‌تبه‌خ و سیستمى پاككردنه‌وه‌ى ئاو و سیستمى گه‌رم و ساردكردنى ئوتێله‌كه‌، به‌ته‌واوى نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه‌، هاوكات به‌شى (جیم) زیادكراوه‌ كه‌ پێشتر نه‌یبوو، بۆ مانگى پێنج، پڕۆژه‌یه‌كى ئاوى وه‌رزشى ده‌هێنینه‌ دووكان كه‌ بۆیه‌كه‌مجاره‌ له‌ عێراقدا هه‌بێت، خۆى له‌ چوار یاریى ئاوی-دا ده‌بینێته‌وه‌. جگه‌له‌وه‌ ستافى پێشترى ئوتێل ئاشور نه‌یانده‌توانى له‌ ئاستى پێنج ئه‌ستره‌دا خزمه‌ت بكه‌ن، به‌شێكیان راهێنانیان پێكرا و له‌هه‌مانكاتدا ستافى تازه‌مان هێنا بۆ سه‌رجه‌م به‌شه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ى ئاشور بگاته‌ كوالێتى پێنج ئه‌ستێره‌. 

دواڕۆژ: له‌كاتى بوونى هه‌ر گۆڕنكارییه‌كدا له‌ لایه‌ن ئه‌م برانده‌ جیهانییه‌وه‌، ئایا زنجیره‌ ئوتێله‌كانى فاروق تاچه‌ند پێوه‌ى پابه‌ندن؟ 
هیوا حه‌مه‌خان: ئوتێله‌كانى سلێمانى له‌ژێر ناوى میلینیۆم كۆپ سۆرن-دان كه‌ زنجیره‌ ئوتێلى نێوده‌وڵه‌تین و به‌شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وام تازه‌كردنه‌وه‌ى یاسا و رێنماییان هه‌یه‌، ئێمه‌ش به‌پێى رێنماییه‌كانى ئه‌وان كارده‌كه‌ین، نوێنه‌ریان ده‌نێرن تا كۆلێتى ببینن، هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك بكه‌ن ده‌بێت ئێمه‌ش بیكه‌ین،  بۆ نموونه‌ ساڵى رابردوو لۆگۆى ئوتێله‌كان له‌ زه‌رد-ه‌وه‌ گۆڕا بۆ سوور، ئێمه‌ش جێبه‌جێمان كرد.

دواڕۆژ: چه‌ند كارمه‌ند له‌ زنجیره‌ ئوتێله‌كانى فاروق كارده‌كه‌ن؟ 

هیوا حه‌مه‌خان: نزیكه‌ى 380 كه‌س له‌ هه‌ر چوار ئوتێله‌كه‌دا كار ده‌كه‌ن، ئه‌م رێژه‌یه‌ش له‌ گۆڕاندایه‌.

دواڕۆژ: به‌هۆى تازه‌گه‌رى و ئه‌م جۆره‌ پرۆژانه‌وه‌، چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ن گه‌شتیارێكى زۆر له‌ ناوچه‌كانى خوارووى عێراقه‌وه‌ روو بكه‌نه‌ سنوورى سلێمانى و ده‌ریاچه‌ى دوكان؟
هیوا حه‌مه‌خان:  دوكان ناوچه‌یه‌كى چه‌په‌كه‌، ئوتێل ئاشور-مان له‌وێ هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌ندێك پڕۆژه‌ و گۆڕانكاریى نوێ بكرێت تا خه‌ڵك بتوانێت چه‌ند شه‌وێك بمێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نه‌كه‌ین خه‌ڵك به‌یانى ده‌ڕوات و ئێواره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و له‌وێ نامێنێته‌وه‌، هه‌ندێك چالاكیمان بۆ خه‌ڵك دۆزیوه‌ته‌وه‌ تا كاته‌كانى به‌خۆشیى به‌سه‌ربه‌رێت، پێشبینى ده‌كه‌ین به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ گه‌شتیارێكى زۆر له‌ ناوچه‌كانى خواروو و هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، به‌تایبه‌ت روو له‌ دوكان بكه‌ن، چونكه‌ گۆڕانكاریى كراوه‌.

دواڕۆژ: جیاواز له‌ ئوتێل و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانى، ده‌توانن شتێكى جیاوازتر پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتی و گه‌شتیار بكه‌ن؟  
هیوا حه‌مه‌خان: ئه‌وه‌ى كردوومانه‌ له‌ دوكان و ئوتێل ئاشور تازه‌گه‌رییه‌، پێشبینى گۆڕانكاریى گه‌وره‌یش ده‌كه‌ین، چونكه‌ یارییه‌ وه‌رزشییه‌ ئاوییه‌كان بۆ یه‌كه‌مجاره‌ ده‌هێنرێنه‌ عێراق، له‌ زنجیره‌ ئوتێله‌كانیش تازه‌گه‌ریمان كردووه‌، بۆ نموونه‌ ئارش باڕمان هه‌یه‌ كه‌ نوێكردنه‌وه‌ى تێداكراوه‌، جگه‌له‌وه‌ خۆشترین سوشی-مان هه‌یه‌ له‌ هه‌موو كوردستاندا كه‌ خواردنێكى یابانى-یه‌، هه‌روه‌ها باخچه‌كه‌ى گراند میلینیۆم له‌ وه‌رزى هاویندا ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌موو كوردستاندا جوانترینه‌.

دواڕۆژ: به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ نرخى خزمه‌تگوزارییه‌كانتان كه‌منه‌كردووه‌ته‌وه‌؟
هیوا حه‌مه‌خان: نرخه‌كانمان به‌راورد به‌و خزمه‌ته‌ى پێشكه‌شى ده‌كه‌ین گونجاوه‌، بۆ نموونه‌ له‌ هه‌ندێك به‌شى ئوتێله‌كان گۆڕانكاریى له‌ نرخه‌كاندا كراوه‌ و تاراده‌یه‌كى باش گونجێنراوه‌ له‌گه‌ڵ دۆخى ئێستا.

دواڕۆژ: به‌ڕێوه‌بردنى كه‌رتى گه‌شتوگوزار له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ پێشنیارتان چییه‌ بۆ حكومه‌ت تا هه‌وڵبدرێت میوانى زیاتر بێنه‌ هه‌رێم؟
هیوا حه‌مه‌خان: كارێكى ئه‌وتۆمان لێنه‌بینیون، یان نه‌یانتوانیوه‌ كۆنگره‌یه‌كى ناوخۆیى یان نێوده‌وڵه‌تى بگوازنه‌وه‌ بۆ ئێره‌، بۆ نموونه‌ كۆنفرانسى بازرگانى و ئابورى و سیاسى و ته‌ندروستییه‌كان له‌ به‌غداوه‌ بهێنرێته‌ سلێمانى، ئێمه‌ پێویستمان به‌مه‌یه‌.  ئه‌گه‌ر من له‌ گه‌شتوگوزار بوومایه‌ هه‌وڵم ده‌دا له‌مبوارانه‌دا كاریگه‌ریم هه‌بێت، چونكه‌ ئه‌م كه‌رته‌ به‌ زیادكردنى میوان په‌ره‌ى پێده‌درێت و سه‌رئه‌نجام ئێمه‌ش قازانج ده‌كه‌ین.

دواڕۆژ: بۆ ئه‌مساڵ هیچ هونه‌رمه‌ندێكى به‌ناوبانگى بیانى ده‌هێننه‌ سلێمانى؟
هیوا حه‌مه‌خان: هه‌وڵمانداوه‌ هونه‌رمه‌ندێكى گه‌وره‌ى وه‌كو كازم ساهیر بهێنینه‌ سلێمانى، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێمه‌ بیستوومانه‌ ئه‌و بۆچوونێكى واى هه‌بووه‌ كه‌ یه‌كه‌م كۆنسێرت له‌ به‌غدا بكات، تا له‌وێ نه‌یكات له‌ شوێنه‌كانى تر كۆنسێرت ناكات، دڵنیانین تا چه‌ندێك ئه‌م قسه‌یه‌ راسته‌. جگه‌له‌وه‌ بۆ هێنانى هونه‌رمه‌ندیش سه‌یرى بازاڕ ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر دۆخى ئابورى به‌ره‌و باشتر بڕوات ئه‌وكات بڕیار له‌سه‌ر هێنانى هونه‌رمه‌ندى بیانى ده‌ده‌ین.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure