ئەم وێنەیە دووبارەیە

هەواڵ / چاوی تۆ :: 17/03/2018‌ :: 327‌ جار بینراوە

بێلان كاوە حسێن
دووبارەیە, ئەم وێنەیە دووبارەیە, ژەنگ و زەبر و جەور و تفەنگ لەم  زەمینە نامۆ نییە, تەواو نابێ، ئەم چیرۆكە تەواو نابێ‌, تا بڕیاربێ لێیتێنەگەین, ئەم چیرۆكە بە پەند نەكەین, هەر ئەیڵێنەوە بۆمان و تەواو نابێ.


لە ڕاستیدا ئێمە وەكو خەڵكی باشور ئەو دەنگە گڕەمان نییە كە بەم جۆرە هاواربكەین و وەك هاونەتەوەیەكی دڵسۆز سەیری  ڕۆژئاوا بكەین و وەك هاونەتەوەیەكی بەهێز و دڵسۆز وایدانێین كە پاڵپشتیان دەكەین, ئەمە هیچ شتێك ناگەیەنێت.

كاتێك كە تۆ خۆت دەست نەبێت، ناكرێت بەو دەستەی كە بەتەمایی بتەوێت پشتی ئەوانی دیكە بگریت، لە بارودۆخێكی لەم شێوەیەی باشوردا ئەوی ئەیڵین خۆهەڵواسین زیاتر هیچی دیكەی لێ سەوز نابێت, كاتێك تۆ پێش چەند مانگێك ستراژیترین شاری خۆت، كە ئاسایشی ناوەوە و دەرەوەیت لە دەستدایە و ئەیدۆڕێنیت و بەشێوەیەك شكستدێنیت كە هیچ كەس تێناگات ئەم ئیشە چۆن ڕوویدا؟ سی دانە ئینسان لە بەیانییەكی زوا لە بیست دەقەدا ئەكوژرێن كە سبەی تاریخ هەر نازانێ‌ چۆنیان باس بكات, ئەگەر  ڕێككەوتن بوو ئەمان بۆ كوژران؟ ئەگەریش  ڕێكەوتن نەبوو و بەرگەی دوو سەعات بەرگریت نەگرت لە شارەكەی خۆتدا,دەی بە خوا ئەم دەنگەدەنگكردنەی ئێستات زۆر ناسازە, هەر زۆر زۆر.

لەلایەكی دیكەوە ئەوەی ئێستا لە ڕۆژئاوا ڕووئەدات، ورە و بەرگرییەكی لەو جۆرە لەبەرامبەر میلشیایەكی گەورە و داگیركەری لەو جۆرەدا, هەم مەردانە و هەم دڵخۆشكەرە, بەرپەرچدانەوەیەكی ئازایانەیە، بەڵام لەڕستیدا باشترین شتێك نییە كە كورد ئەبێ بیكات و بەشیبێ. ئەوان ئێستا لە مەیدانی جەنگدا ئەوەی لەدەسیانبێت و بكرێت ئەیكەن و بەرەنگارئەبنەوە, بۆیە كە سەركەوتن سەربەرزانە ئەمێننەوە ئەگەر مردیشن جوان ئەمرن, بەڵام پرسیارەكە لێرەیایە, ئێمە تاكەی پێویستەكات بەدوای مردنێكی جواندا وێڵ بین؟ هیچ كام لەم ڕووداوانە بۆ ئێمە تازە نین ئەزانی! بۆ ئەبێ ئێمە بەجوانی بمرین! بۆ ناكرێت بە ژیرانە بژین! ئاخر تاكەی وەك بەڕە لای تەنكییەكەوە بدڕیێن, ئەم بە مەقاشبوونە تا كەی؟ بۆ فێری ئەم یارییە نابین ئێمە؟ ئاخر ئەم شتە زۆر ساویلكانەیە تۆ چاوەڕوانیت هەبێ‌ لە زلهێزانی دنیا یا هەر كەسێكی دیكەوە جگە لە خۆت كە ببێ‌ بە فریشتەی  ڕزگاركەر بۆت و لەبەر چاوە كاڵەكانت بتپارێزێت.

ئەم وێنانە هەموو دووبارەن, ئەوەی ئینگلیز لە ئەخیردا بە شێخ مەحمودی ئەكات, ئەوی سۆڤیەت بە قازی-ی ئەكات و لەسەر قەنارەكەی بەجێئەهێڵێ‌، مێژووی هەموو ڕێككەوتنەكانی باشوور و ڕژێمە یەك لەدوایەكەكانی عێراق, تا ئەم ڕووداوانەی ئەخیر و ئەم پشت چۆڵكردنەی هاوپەیمانان كە شانزەی ئۆكتۆبەری لە باشور لێكەوتەوە و ئەوەش كە ئێستا لە ڕۆژئاوا ڕووەدات, لەڕاستیدا هەمووی لە چاوی ساویلكەیی و نەزانیی خۆمانەوە ئەبینم، لۆمەی هیچ كەسمان پێناكرێت.

ئاخر كاتێك تۆ لەجیاتی جارێك دەجار بە قوربانی ئەكرێیت ئیتر دیارە تۆ خۆت مەڕێكی گێژی و خەتای هیچ شوانێك نییە, پێمناڵێیت زلهێزێكی وەكو ئەمەریكا لەبەرچی پێویستە بەرژەوەندییەكانی تۆ پێش هی خۆی بخات؟ ئاخر ئەمە هەر لۆژیكییش نییە, بێگومان ئەكرێت هاوكاری و پاڵپشتی ڕووبدات, ئەمەش تا كاتێك كە بەرژەوەندییەكانی هەردوولا لەسەر هەمان هێڵ ئەمێننەوە, بەڵام تۆ بۆ چاوەڕێ‌ ئەكەیت پاش نەمانی ئەم بەرژەوەندییە هاوبەشانە یان لەوەش زیاتر لەكاتی بەریەككەوتنی بەرژەوەندییەكانتاندا ئەم زلهێزانە هەر بە دڵسۆزی بۆت بمێننەوە و بتپارێزن؟!
ناچمە وردەكاریی هیچ ڕووداوێكیان، بەڵام وائەزانم كە گرێكوێرەی ئەم میلـلەتەی ئێمە هەر ئەمە بووە, ئەم ساویلكەییە, ئەم زۆر لەوانیترچاوەڕوانكردنە لە كاتێكا تۆ هیچیشت پێنەبێ‌ و ئەوان هەر لە بەلاش یارمەتیت بدەن. تۆ سەیركە! جینۆسایدی ئەرمەنەكان یەكجار بوو, هێرۆشیما یەكجار ڕوویدا, ئەڵمانییەكان هەر یەكجاریان سەركردەی نەگریس قبووڵكرد, تەواو دوای ئەوە دەرسیان لێوەرگرت و بوون بە میللەتی باش.

ئەی ئێمە چی؟ مهاباد, هەڵەبجە, ئەنفال, كۆبانی, شانزەی ئۆكتۆبەر و ئێستای عەفرین... پێمناڵێن ئەم خوێنە هەرزانە بۆ؟ كەی قەرارە ئێمەش بە ئینسان بین! ئەوانی دیكە یەكجار بە زەوی كەوتن و بە قەد ئێمەشیان ئازار نەبینی، كەچی كە هەستانەوە بوون بە میللەت, بوون بەشتێكی زۆر باشتر, ئەی ئێمە بۆ!!! ئەم نەهجە نەزۆكەی ئێمە چییە؟ تاكەی پێویست دەكات ئێمە بەم جۆرە بەردەوامبین؟

ئەوەی ئەمێنێتەوە بیڵێین ئەوەیە ئەم  ڕووداوانەی ئێستە لە ڕۆژئاوا ڕووئەدەن، نوێ‌ نین بۆ ئێمە و هەرئاوایش بین هینی دیكەیشی بەدوادادێت, لە هەموو ئەم ڕووداوانەش ئەوەی بۆمان ماوەتەوە دەرسێك زیاتر نییە: ناكرێ چیتر چاوەڕوانی باوكایەتیی ئەوانی دیكە بین بێبەرامبەر بۆمان بكەن. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure