لەشەڕی سەربەخۆییەوە بۆ تکای ناردنی مووچە و بودجە!!

هەواڵ / چاوی تۆ :: 17/03/2018‌ :: 217‌ جار بینراوە

چاوى تۆ
مه‌ریوان ئيبراهیم عەبدوڵـا
ساڵانی ڕابردوو کە دەگەیشتیەنەوە مانگی ئازار، لە پاڵ باسکردن و یادکردنەوەی ئازار و مەرگەساتەکانی کورد، بەتایبەتیش لە یادی نەورۆزدا، دەنگۆى ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی سەریهەڵدەدا و بەشێک لە ناوەندە سیاسی و ڕۆشنبیريیەکانی کورد و زۆرێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیيەکان، هەندێکیان بە تەنز و  ڕەخنەگرتن و هەندێکی دی بە جديی،  سەرقاڵی ئەم باسە دەبوون.


بەڵام نەورۆزی ٢٠١٨ تەواو پێچەوانەیە و نەک باسی سەربەخۆیی نەماوە بەڵکو پاشکۆیەتی و مەرکەزیەت و گەڕانەوە بۆ ژێرهەیمەنەی حکومەتى ناوەندی سەرتاپای بیروهۆشی سیاسیەکانمانی داپۆشیوە. لەئیستادا خەونی حیزبە دەسەڵاتدارەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و جەماوەری کوردستان بەگشتی،  لە شەڕی سەربەخۆییەوە بۆتە تکاکردن لە حکومەتی عەبادی تا لەسایەی دەستوری عێراقدا وەک هاووڵاتيی عێراقی قبووڵمان بکات و مووچەی فەرمانبەران بنێرێت و دەروازە سنووری و فڕۆکەخانەکانمان، لە ژێر سیادە و ڕیادەی خۆیدا، بۆ بکاتەوە.

ساڵانی ڕابردوو خەڵکی کوردستان چاوەڕێى مژدەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی بوون لە نەورۆزدا، کەچی لە نەورۆزی ٢٠١٨دا سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پاڵ گێڕانەوەی مژدەی سیادە و سەروەريی حکومەتی ناوەند بەسەر هەرێم و پاراستنی یەکپارچەیی عێراقدا، مژدەی ناردنی مووچەی تەنها یەک مانگی چەند وەزارەتێک دەکاتە نەورۆزانە و خەڵاتی خەڵکی کوردستان و حکومەتی هەرێمیش بە کۆڵێک سوپاسەوە هیواخوازە عەبادی بەزۆری نەزانێت و مەرحەمەتی زیاتر بنوێنێت بەرامبەر کورد.

کێ بەرپرسە لەم دۆخە؟
ئایا پێشمەرگە نەیتوانی بەرگريی لە خاک و خەڵکی کوردستان بکات؟ یان چەک و تەقەمەنی و لوجستیکی سەربازیمان لاواز بوو؟ یاخود خەڵکى کورستان بەرگەی نەهامەتیەکان و قەیرانەکانیان نەگرت و لەبەر نەبوونيی داهات و برسیەتی، حکومەتی هەرێمیان ناچار بەم هەموو تەنازولکردنە کرد؟
بێگومان هیچکام لەوانە نەبوون، بەڵکو ئەمە دەرەنجامی شکستی ٢٦ ساڵ حوکمڕانیکردنی هەرێمی کوردستانە لەلایەن دوو بنەماڵەی دەسترِۆیشتووەوە کە بەهۆی هەڵەی سیاسی  و نەخوێندنەوەی واقیعی سیاسی و سەربازی و ئابوری کوردستان و  ناوچەکە و جیهانةوة،  تێکەڵ بە غرورێکی تا بینەقاقای سەرکردە دەستڕۆیشتوەکانی کورد، ئاوێتە بە گەندەڵیيەکی بێشووماری تاڵانئاسا لە سەرجەم ناوەند و پێگە و دامەزراوە حکومی و حیزبیەکاندا، بوونە هۆکاری سەرەکی بۆ هەرەسهێنانی پێگە و قورسایی سیاسی و سەربازيی کورد و داڕنینی هاونیشتیمانیانی کورد لە هەموو هەست و هۆشێکی نیشتیمانی و نەتەوایەتی، گەیاندنی بە رۆژیک کە خەمی یەکەم و کۆتایی خەڵکی، بووةتە پەیداکردنی پاروەنانێک و پێدانی مووچەیەک لە هەر لایەن وشوێنیکەوە بێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure