ئەمریکا و روسیا، سوریا و عێراق، کەرکوک و عەفرین بەرەو کوی..؟

هەواڵ / چاوی تۆ :: 17/03/2018‌ :: 276‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، چاوی تۆ

بەختیار نامیق
ئەگەر ڕووداوەکانی کەرکوک و عەفرین لەسەر ئاستی بەریەککەوتنە لۆکاڵیەکان بخوێنینەوە ئەوا دەکەوینە هەڵەیەکی قورس و جۆرێکە لە خلیسکێن بەسەر ڕووداوەکاندا، ئەگەر نەتوانین ئەو هێزانە بدۆزینەوە کە لە پشتەوە ئاراستەی وەکیلەکانیان دەکەن، کە دەکرێت لە نێوان هێزە گەورەکاندا بەرژەوەندیی هاوبەش و بەرژەوەندیی دژ بەیەک بدۆزینەوە، ئەو کات دەتوانین بگەینە ئەنجامێک.
ئەمریکا و ڕوسیا دوو دژ و دوو دۆستن. دەتوانین دژ بگۆڕین بە ململانێ و دۆستیش بگۆڕین بە هاوبەرژەوەندی، هەموو ئەمانە لەسەر دوو ئاست ڕوودەدەن، ئاستێکیان: خۆیان دایرێکت لە ناو یارییەکەدان و ئاستێکیان: بە وەکیلەکانیان دەیکەن. وەکیلەکانیش دەزانن کە کارتن بەڵام ئەوانیش دەیانەوێت ببن بە کارتێک کە بەرژەوەندیی خۆیانی تیابێت. سەرزمینی نمایشی ئەم شانۆییانە سەرزەمینی سوریایە و دەکرێت پشتی کەوالیس زۆر شوێنی تریش بگرێتەوە بە تایبەت یەمەن و لیبیا کە دەتوانین بە چەند هەنگاوێک جیایبکەینەوە .
بەرژەوەندیی هاوبەشی ڕوسیا و ئەمریکا (دوو دۆست).
1- لەسەر ئاستی چەکی ناوەکی هەردووکیان هاوبەرژەوەندین و لەبەردەم ترسێکی هاوبەشدان، بە تایبەت کۆریای باکور.
2- لەسەر ئاستی عێراق و سوریا و یەمەن و لیبیا هەردوولایان دەیانەوێت هەمان نەخشەی سیاسی سایکس-پیکۆ بێت و جۆرێک لە فیدڕاڵی هەبێت.
3- هەردوولایان بەرژەوەندیی گەورەیان هەیە لەگەڵ ئێران و بە جۆرێک لە جۆرەکان دژایەتی ئەمریکا بۆ ئێران لە چوارچێوەی ڕاگەیاندن زیاتر دەرناچێت، ئەمەش سینارێوی نێوان خۆیانە.
4- هەردوولایان باشترین کارت بەدەستیانەوە کوردە لە عێراق و سوریا كە مامەڵە بەم کاڵا و کارتەوە دەکەن.
5- هەردوولایان لە ڕووی جیوپۆلەتیک و ڕێگای گواستنەوەوە تورکیا زۆر بە گرنگ دەزانن.
6- هەردوولایان دەیانەوێت چ عێراق و چ سوریا وڵاتێکی یەکگرتوو بێت و سیادەی پارێزراو بێت.
7- هەردوولایان چەکفرۆشن و پێویستیان بە بازاڕی جەنگ هەیە تا کاڵا سەربازییەکانیان ساغبکەنەوە، بۆیە بەرژەوەندییان لە مانەوەی جەنگدا هەیە.
8- هەردوولایان پێیانوایە دەبێت میراتگیریی عوسمانی و سەفەوی (تورکیا و ئێران) بە هاوسەنگی ڕابگرن، حوکمی ئەم ناوچەیە نەکەوێتە ژێر دەستەڵاتی یەکێکیان.
9- هەردوولایان پێیانوایە دەبێت ئۆپیک و نرخی نەوت و غاز لەژێر حوکمی بەرژەوەندیی هاوبەشی خۆیان بێت لە ڕێی وەکیلەکانیانەوە.
10- هەردوولایان هاوبەرژەوەندین کە هیلالی شیعە و سوننە هاوسەنگ بێت.
11- هەردوولایان مامەڵە بە کارتەکانیانەوە دەکەن و کڕین و فرۆشتنی پێدەکەن.

ململانێی نێوان ڕوسیا وئەمریکا (دوو دژ) 
1- هەردوولایان دەیانەوێت کە چوونە سەر مێزی گفتوگۆ کارتی زیاتریان پێ بێت.
2- ئێران: ئەگەر ئێران وەکیلی ڕوسیا بێت ئەوا بە حوکمی هاوسەنگیی هێز دەبێت تورکیا ببێت بە وەکیلی ئەمریکا، بەڵام ئێران توانیویەتی وەک وەکیلی ڕوس تا ئاستێک بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکاش گرێ بدات، بەتایبەت لەسەر بەرەی سوریای دیموکرات و دژی دروستبوونەوەی داعش، بۆیە ئەمریکا ئەگەر پێشتر وەک تاک جەمسەر دەستەڵاتی گەورەی هەبووبێت ئەوا ئێستا بووتەوە بە دوو جەمسەری و دەبێت هەموو ئاستەکان ڕابگرێت. ناتۆ-یش ئەوە دەزانێت کە ئەندامێکی خۆی و سوننەکان لە پشت داعشەوەن و سوننە ماڵی ناتۆی شێواند، وەک بینیمان هەموو تەقینەوە خۆکوژییەکانی ئەوروپا و ئەمریکا سوننە بوون و شیعە هیچ مەترسیەکی بۆ دروستنەکردوون. لەسەر ئاستێکی تر کە دژە، ئێران بەردەوام پەرە بە چەکە ناوەکیەکانی دەدات و بوونێکی سەربازی و سیاسی و ئابوریی هەیە لە یەمەن و لیبیا و سوریا و عێراق و فەلەستین و لوبنان. ئەمریکا دەیەوێت نەهێڵێت ئێران زیاتر فراوان بێت. ڕوسیا پشتگیریی دەکات و لەسەرێکەوە دەیەوێت وەک کارتێک بەرامبەر سوننەکان، بە تایبەت تورکیا،  بەکاریبێنێت.

3- تورکیا: ئەگەر تورکیا درێژکراوەی ناتۆ و ئەمریکا بووبێت، ئەوا ئێستا لەبەر بەرژەوەندییەکانی خۆی دەیەوێت یاریی بکات. دەیەوێت ببێت بە کارتی دەستی ئەمریکا. لەبەرامبەردا ئەمریکا کار بە ئاراستەی تواندنەوەی دۆسیەی کورد لە بۆتەی سوریایەکی عەرەبی-دا دەكات کە مەرجەکانی تورکیا دابین بکات، بۆیە ئەمریکا لەبەردەم دوو بژاردەدایە و دەبێت هەردووکی ڕابگرێت، لە ڕێی کوردەوە پێگەی بەهێزی هەبێت لە سوریا و بگاتە دەریای سپی، بۆیە تورکیا دەبێتە ئەو سەزەمینە جیوپۆلەتیکییەی کە بۆ ئەوروپا و ئەمریکا گرنگە.
4- عەفرین و کەرکوک: ئەگەر بەرژەوەندیی چ ئەمریکا و چ ڕوسیا لە یەکێتی فیدڕاڵی تورکیا بێت ئەوا کارتەکان لە نێوان ئێران و تورکیا دەگۆڕێتەوە بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و ڕوسیاوە، خۆ ئەگەر کەرکوک لە بەرامبەر عەفرین-دا بێت وەک دوو کارتی گۆراوە لە نێوان تورکیا و ئێراندا، ئەوا دواجار مێزی سەر گفتوگۆی ڕوسیا و ئەمریکا و ئێران و تورکیا کارتەکان لەئیستادا گرنگترینیان کوردە، بۆیە ئەوەی دەگوزەرێ چ لە عێراق و چ لە سوریا، ململانێی نێوان دوو جەمسەرەکەیە و پڕە لە سیناریۆ.
دواجار دوای هاتنەوەی ڕوس بۆ سەر ساحەی ململانێکان، دەتوانین بڵێن جارێکی تر دوو جەمسەریی دروستدەبێتەوە. کورد لە یەک جەمسەردا ئەستێرەی بەختی درەوشاوە بوو، بەڵام دوو جەمسەریی، کورد دەبێتە کارتی دەستیان. ئێستە لە عێراقدا هەڵبژاردن دەکرێت و دوای ئەم هەڵبژاردنە کورد وریانەبێت سیادەی هەرێم نامێنێت و دەچینەوە سەر پلێت و دەگاتە ئەوەی سەرانی دەستەڵاتداری هەرێم بدرێنە دادگا. عەفرین ئەگەر بتوانێت خۆڕاگربێت تا دەگاتە ئەوەی ببێتە کەیسێکی ئینسانیی گەورە، ئەوا ناکەوێت، بەڵام دواجار لە ڕێی ڕێککەوتنی روسیا و ئەمریکاوە کورد دەخەنەوە بەردەست ئەو حکومەتەی کە حوکمڕانی سوریا دەبێت وەک عێراق.
ماوەتەوە بڵێن دوا لووتەکەی کورد قەندیل-ە و وا ئیستا ئێران و تورکیا ڕێککەوتوون کە دوای هەڵبژاردنەکان هێرشی بۆ بکەن، ئەڵبەت ئێران لە ڕێگەی عێراقێکەوەیە کە ئەمریکاش لەسەر هەمان مێزی ڕێککەوتنە و روسیایشی تێدایە. بۆیە بە ڕای من دواجار کورد لە سوریا دەچێتەوە ناو سوریایەکی یەکگرتوو و هەرێم سیادەی نامێنێت و پەکەکەیش ناچار دەکەن بە دانوستان لەگەڵ تورکیا. چونکە کارتی مامەڵەکان تەنها کوردە و ئەوەشی ماوەتەوە جێگەی ئومێدبێت کە ڕووبەڕووی ئەم هاوکێشە و ئەم ڕێککەوتنانە بێتەوە، خۆڕاگریی عەفرین و قەندیل-ە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure