داواكاری هه‌ڵه‌بجه‌ییەکان ئاراسته‌ى عه‌بادى دەکرێت

هەواڵ / کوردستان :: 16/03/2018‌ :: 306‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
له‌ چوار چێوه‌ى به‌رنامه‌كانى یادى 30 ساڵه‌ى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هەینی 16 ئازار، به‌ ئاماده‌بوونى ژمارەیەک بەرپرسی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، سیمپۆزیۆمى (با جینۆساید و كیمیاباران بكه‌ینه‌ وێستگه‌یه‌ك بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌)  به‌ڕێوه‌چوو، بڕیاریشە داواکارییەکانی خەڵکی هەڵەبجە ئاراستەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق بکرێت.


د. نه‌ریمان عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌رى سیمپۆزیۆمه‌كه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "وه‌ك زانكۆى هەڵەبجە به‌ پێویستمان زانى لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجە له‌ چوارچێوه‌ى سیمپۆزیۆمێكدا گله‌یى و داواكارییه‌كانى خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ و هاوكات هۆكاره‌كانى به‌ جینۆساید نه‌ناساندنى تاوانى كیمیاباران له‌ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و هه‌روه‌ها قه‌ره‌بوو نه‌كردنه‌وه‌ى هاوڵاتیانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ڕێگه‌ى ئه‌میندارى گشتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراقه‌وه‌ ئاراسته‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادى بكه‌ین".

وتیشی "له‌ سیمپۆزیۆمه‌كه‌دا، به‌ وردى باس له‌وگرفته‌ یاساییانه‌كرا كه‌ ئێستا ڕووبه‌ڕووى به‌ پارێزگا بوونى هه‌ڵه‌بجه‌ بوه‌ته‌وه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تى عێراقییه‌وه‌، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ كردنی مه‌رزى شۆشمێ به‌ مه‌رزێكى نێوده‌وڵه‌تى کرایەوە بۆ به‌هێزكردنى ژێرخانى ئابورى هه‌ڵه‌بجه‌ و چاره‌سه‌ركردنى چه‌ندین گرفتى دیكه‌ كه‌ په‌یوه‌ندى ڕاسته‌وخۆیان به‌بژێوى هاوڵاتیانه‌وه‌ هه‌یه‌".

سه‌رپه‌رشتیارى سیمپۆزیۆمه‌كه‌ ئاماژەی بەوەشدا، مه‌هدى عه‌لاق به‌ نوێنه‌رایه‌تى عه‌بادى به‌ڵێنى ئه‌وه‌ى پێداون كه‌ ئه‌م داواكاریانه‌ى خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ بگه‌یه‌نێته‌ ده‌ستى سه‌رۆك وه‌زیران و كارى جدیش بكه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنیان به‌ تایبه‌ت ئه‌و بابه‌تانه‌ى ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ستن به‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراقه‌وه‌.

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure