حه‌یده‌ر عه‌بادى: هه‌ڵه‌بجه‌ كاره‌ساتێكى له‌بیرنه‌كراوه‌

هەواڵ / عێراق :: 16/03/2018‌ :: 8967‌ جار بینراوە

دواڕۆژ:
كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق به‌یاننامه‌یه‌كى له‌باره‌ى 30 ساڵڕۆژى كارەساتی كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، شانازى به‌ تێكه‌ڵبوونى خوێنى پێشمه‌رگه‌  له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان ده‌كه‌ین بۆ پاراستنى یه‌كپارچه‌ى خاكى عێراق و ده‌شڵێت "ده‌سته‌به‌رى پاراستنى مافه‌ ده‌ستورییه‌كانى گه‌لى كورد ده‌كه‌ین له‌ چوارچێوه‌ى عێراقدا".


له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینى 16ى ئازار، حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ سه‌ره‌خۆشى له‌ گه‌لى كورد و قوربانیانى كاره‌ساتى كيمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كات و تێیدا هاتووه‌ "ئه‌مڕۆ گه‌لى ئێمه‌ و جیهان یادى كاره‌ساتى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ڕژێمى پێشووى به‌عسه‌وه‌ ئه‌نجامدرا. ئه‌وه‌ى كه‌ رویدا تاوانێك بوو جیهانى شۆك كرد و بووه‌ هۆكارى شه‌هیدبوونى  هەزاران له‌ هاوڵاتى بێتاوانى كورد.  ئه‌م تاوانه‌ى رژێمى به‌عس به‌شێك بوو له‌و سیاسته‌ى كه‌ بۆ له‌ناوبردنى گه‌لانى عێراق گرتییه‌ به‌ر".

له‌ به‌شێكى ترى به‌یاننامه‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق ئاماژه‌ى به‌ ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕى دژى داعشدرا كردووه‌ و رایگه‌یاندووه‌، ئێمه‌ شانازى به‌ تێكه‌ڵبوونى خوێنى پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ خوێنى برا عێراقییه‌كانى تر ده‌كه‌ین له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆردا تا ئه‌و كاته‌ى كه‌ سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر تیرۆریستاندا به‌ده‌ستهێنا.

حه‌یده‌ر عه‌بادى ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو، هاوخه‌مى خۆمان بۆ كه‌سوكارى قوربانیانى كاره‌ساتى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌رده‌بڕین و دڵنیایی ده‌ده‌ین له‌ پاراستنى ئاسایش و ئارامى و سه‌رجه‌م مافه‌ ده‌ستورییه‌كانیان له‌ چوارچێوه‌ى عێراقى یه‌كگرتوودا، جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هه‌نگاو ده‌نێن به‌ره‌و بونیادنانه‌وه‌ى عێراقێكى یه‌كگرتووى نوێ.

له‌ كۆتاى قسه‌كانیدا لە بەیاننامەکەدا سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق پابه‌ندبوونى عێراقى به‌ رێككه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان نه‌هێشتنى چه‌كه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان و له‌ناوبردنى چه‌كه‌ كیمیاییه‌كانى رژێمى پێشووى به‌عس راگه‌یاندووه‌.





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure