نوێنه‌رى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق: با یادى كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ ببێته‌ هه‌وێنى پێكه‌وه‌ژیان له‌ عێراق

هەواڵ / کوردستان :: 16/03/2018‌ :: 6255‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
نوێنه‌رى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بۆ به‌شداریكردن له‌ 30 ساڵڕۆژى كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌دا رایگه‌یاند، كاره‌ساتى كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ كارێكى دڕاندانه‌بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌تى عێراق هه‌موو كارێك ده‌كه‌ین بۆ ساڕێژكردنى ئه‌و برینه‌.


ئه‌مڕۆ هه‌ینى 16ى ئازار، مه‌هدى عه‌لاق، نوێنه‌رى حه‌یدره‌ عه‌بادى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق وتارێكى تایبه‌تى پێشكه‌شكرد و له‌ سه‌ره‌تاى وتاره‌كه‌یدا باسى له‌ كاره‌ساتى كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌دا كرد و راگه‌یاند "ده‌مه‌وێت سڵاوى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بگه‌یه‌نمه‌ خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ و كه‌سوكارى قوربانیان. كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ كارێكى دڕندانه‌بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌تى ناوه‌ندى هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و برینه‌ ساڕێژبكه‌ین".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ روداوێكه‌ كه‌ هه‌رگیز له‌بیر ناكرێت.

له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانیدا نوێنه‌رى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق باسى له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا كرد و وتیشى "په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌ره‌وباشى ده‌ڕۆن، هیواخوازین ئه‌م یاده‌ ببێته‌ هۆكارێك بۆ باشتكردنى پێكه‌وه‌ژیان".

له‌باره‌ى پرسى موچه‌ و بودجه‌وه‌ مه‌هدى عه‌لاق ئاشكرایكرد، كردنه‌وه‌ى فڕۆكه‌خانه‌كان هه‌نگاوى یه‌كه‌مه‌ و له‌ چه‌ند ڕۆژى داهاتودا وه‌ك چۆن سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق به‌ڵێنیداوه‌ موچه‌ى به‌شێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانى هه‌رێم ده‌نێرین.




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure