ئه‌مڕۆ 30 ساڵ تێپه‌ڕده‌بێت به‌سه‌ر كاره‌ساتى كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌دا

هەواڵ / کوردستان :: 16/03/2018‌ :: 12814‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 16ى ئازار، 30 ساڵ تێپه‌ڕده‌بێت به‌سه‌ر كاره‌ساتى كیمیابارانكردنى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌ ڕێوڕه‌سم و چالاكى تایبه‌ت ئه‌و یاده‌ له‌و شاره‌ ده‌كرێته‌وه‌ و بڕیاریشه‌ له‌ سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ئه‌و یاده‌ به‌رزبنرخێنرێت.


په‌یامنێرمان له‌ شارى هه‌ڵه‌بجه‌ پێى راگه‌یاندین "كاتژمێر 11:00ى پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ بە دروشمی "جینۆسایدی هەڵەبجە ستەمكاری هەرەسپێهێنا" و بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆك وەزیرانی عێراق و كونسوڵ و نوێنەری چەندین وڵاتانی بیانی و پەرلەمانتارانی عێراق و هەرێمی كوردستان،  كەسوكاری شەهیدانی هەڵەبجە یادى  30ى ساڵه‌ى كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌رزبنرخێرێت".

وتیشى "چالاكییه‌كانى یاده‌كه‌ ماوه‌ى دوو ڕۆژ به‌رده‌وامده‌بن، جگه‌ له‌ به‌رزنرخاندنى یاده‌كه‌ چه‌ندین چالاكى جۆراوجۆر له‌ كردنه‌وه‌ى پێشه‌نگا و چالاكى وه‌رزرشى ئه‌نجامده‌درێت".

 

ُپه‌یامنێرى دواڕۆژ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد "له‌ كاتژمێر 11:00 یادى كاره‌ساته‌كه‌ ده‌كرێته‌وه‌ له‌ كاتژمێر 12:00تاجه‌ گوڵینه‌ى لایه‌نه‌كان ده‌خرێته‌ سه‌ر  مه‌زارى شه‌هیدان و له‌ كاتژمێر 2:00 پێشانگایه‌كى فۆتۆگۆرافى له‌لایه‌ن ریكخراوێكى ئه‌ڵمانییه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئازاره‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كرێته‌وه‌".

کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی رۆژی 16ی ئازارى ساڵى 1988 شارى هەڵەبجە  له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى رژێمى به‌عسى روخاوه‌وه‌ کیمیابارانکرا، له‌ ئه‌نجامدا پێنج  هەزار کەس شەهیدبوون و 10 هەزار کەسیش برینداربوون. تا ئێستاش چه‌ندین كه‌س به‌ ئازاره‌كانى ئه‌و كیمیابارانه‌وه‌ و به‌هۆى برینداربوونیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى 114 منداڵى بێسه‌روشوێنبوو.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure