"هەموو ئەوەى دەیانەوێت دادپەروەرییە"

هەواڵ / چاوی تۆ :: 15/03/2018‌ :: 212‌ جار بینراوە

دەزگاى ژیان بۆ مافەکانى مرۆڤ  
سى ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کیمیابارانکردنى هەڵەبجە و قوربانییەکانى لە بیردەکرێن.


سى ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کیمیابارانکردنى هەڵەبجە، بەڵام قوربانییانى ڕووداوەکە بەردەوام بەدەست گرفتە ئازاربەخشە جەستەیی و دەروونیەکانەوە دەناڵێنن. دەزگاى ژیان بۆمافەکانى مرۆڤ  داوا لەحکومەتى ئێستاى عێراق دەکات، کە بە فەرمی داواى لێبوردن بکات لە بەرامبەر ئەو ڕووداوەی لە ساڵى 1988 بەسەر هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکاندا هات، هاوکات داواکاریشە بکەوێتە گفتوگۆیەکى شێلگیرانە لەگەڵ قوربانییانى ئەو ڕووداوە بە مەبەستى قەرەبووکردنەوەیان.

16ى ئازاری 2018 سى ساڵ تێدەپەڕێت بە سەر یەکێک لە گەورەترین ئەو کارەساتانەى کە لە نیوەى دووەمى سەدەى بیست بە سەر خەڵکى سڤیلى هەڵەبجە هات. لە ڕۆژێکى وەک ئەمڕۆدا و لە 16/3/1988 سوپاى عێراقى ئەو دەمە، شارى هەڵەبجەى بە گازى کوشندەى کیمیایی بۆردوومان کرد. لەئاکامدا 5،000 هەزار هاووڵاتى سڤیل ڕاستەوخۆ گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 10،000 کەسیش بە شێوەیەکى هەمیشەیی بریندار بوون. بە هاوکاریی وەزارەتی دەره‌وەی ئەڵمانیا، دەزگای ژیان توانیوێتی زیاتر لە ٢٠٠٠ قوربانی و بەرکەوتووی ئەو ڕووداوە تیمار بکات.

                  
هەروەها وتی "زۆرێک لە قوربانییەکان تا ئەمڕۆیش وەک خەونێکی ناخۆش ئەوەى لەو ڕۆژەدا دیویانە، دێتەوە یادگە و بیریان، ئەوەى کارەساتەکە خەمگینتر و خراپتر دەکات، ئەوەیە کە هیچ کەسێک نییە بچێتە ژیر بارى ئەم کارەساتە و کەمێک لە ناسۆرییەکانى قوربانییەکان کەمبکاتەوە. نە حکومەتى عێراقى و نە دەسەڵاتدارانى کورد و نە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش خۆیان لەم دۆخە سەخت و نەکردەیە ناگەیەنن".

سێ دەیە تێدەپەڕێت و قوربانییانى ئەو کارەساتە جەرگبڕە، لە سێبەرى تاوان و کێشەى لەدواى یەک و گەورەتردا دەست و پەنجە نەرم دەکەن، لەم گۆشەنیگایەوە و بۆ دەستەبەرکردنى دادپەروەرى، دەزگاى ژیان بۆ مافەکانى مرۆڤ، داواکارى ئاڕاستەى حکومەتى عێراق دەکات بۆ ئەوەى بچێتە ژێر بارى بەرپرسیارێتییەوە لە بەرامبەر قوربانییان و شەهیدانى زیندووى ئەو کارەساتە و بە فەرمى داواى لێبووردن بکات و شان بداتە ژێر بارى چاککردنەوەى ئەو وێرانییەى کارەساتەکە لە دواى خۆى بەجێیهێشتووە.

زیاد لەمەش داوا لە کۆمەڵگه‌ى نێونەتەوەییش دەکەین کە هەڵەبجە بکاتە خاڵێکى ئاگایی بۆئەوەى چیدى ڕێگە بەدروستکردن و بەکارهێنانى گازى کیمیایى نەدرێت و سنوورێکى بۆ دابنرێت و ئەو بڕەیشى کە لەئێستادا هەیە، لەناوببرێت و دڵنیایی و قەرەبووى شایستەیش بدرێتە قوربانییانى ئەو کارەساتە جەرگبڕە.         



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure