یەکێتی سێ کەس بۆ پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە کاندید دەکات

هەواڵ / کوردستان :: 15/03/2018‌ :: 647‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

بەرپرسێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە هەڵەبجە ئاشکرایدەکات، بڕیاریان داوە گۆڕانکاری لە پۆستی پارێزگاری هەڵەبجەدا بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش ناوی سێ کاندیدیان ئاراستەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کردووە.

ئه‌حمه‌د قه‌ده‌فه‌رى، جێگرى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى نۆى شاره‌زوورى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی ئازار به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "به‌هۆى ئه‌وه‌ى پۆستی پارزێگاری هەڵەبجە پشکی ئێمەیەو لە ئێستادا به‌ وه‌كاله‌ت له‌لایه‌ن (عه‌لى عوسمان)ه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت، بۆیه‌ بڕیارمانداوە گۆڕانکاری لەو پۆستەدا بکەین".

 

وتیشی "کاندیدەکانمان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە بریتین لە (ئازاد تۆفیق) ئەندامی ناوەندنی راگەیاندنی یەکێتی و (سەعید سەید قادر)  به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كاره‌باى هه‌ڵه‌بجه‌ و (عوسمان عه‌بدوڵا) جێگرى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى شاره‌زوور".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر شانى ئەوانە دیاریکردنی ناوی کاندیدەکانەو لە ئێستادا چاوه‌ڕێى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌كه‌ن بۆ دیاریكردنى یه‌كێكیان و ده‌ستبه‌كاربوونى وه‌ك پارێزگارى نوێى هه‌ڵه‌بجه‌.

قەدەفەری دەشڵێت "پێده‌چێت یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ئه‌و پۆستانه‌ بكه‌وێته‌ دواى پشووه‌كانى نه‌ورۆزه‌وه‌، تا ئێستا هیچ قسه‌و باسێك نه‌كراوه‌ له‌باره‌ى گۆڕانكارى له‌ پۆستى به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان و ئه‌وانەشى كه‌ به‌م دواییانه‌ دانراون سه‌رجه‌میان به‌شێوه‌ى وه‌كاله‌ت كاره‌كان ڕاده‌په‌ڕێنن".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure