پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ رێگاكانى ده‌ربازبوونى شارەکە له‌و گۆشه‌گیرییه‌ى تێێكه‌وتووه‌ ده‌خاته‌ڕوو

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 15/03/2018‌ :: 414‌ جار بینراوە
عه‌لى عوسمان

دواڕۆژ، سامان قوبادى
له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا عه‌لى عوسمان پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ بە وەکالەت، وه‌ڵامى چه‌ند پرسێكى تایبه‌ت به‌ پارێزگاكه‌ و گۆڕانكارییه‌كان دواى نزیكه‌ى 3 ساڵ له‌ بوون به‌ پارێزگا ده‌داته‌وه‌، هاوكات باس له‌كێشه‌ و چۆنێتى ده‌ربازبوون له‌و گۆشه‌گیرییه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ تێى كه‌وتووه‌.


دواڕۆژ: بۆ یادى 30 ساڵه‌ى كیمیا بارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ چ ئاماده‌كارییه‌ك كراوه‌ و بڕى ئه‌و بودجه‌یه‌ چه‌نده‌ بۆى دابینكراوه‌؟ یاده‌كه‌ چۆن به‌ڕێوه‌ده‌چێت؟
عه‌لى عوسمان: وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ئاماده‌كارى ده‌كه‌ن بۆ یادى 30 ساڵه‌ى كیمیا بارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌، له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ بڕى 60 ملیۆن دینار بۆ یاده‌كه‌ دابینكراوه‌، سبه‌ینێ 16ى3 كاتژمێر 10 بۆ 12ى نێوه‌ڕۆ مه‌راسیمه‌كه‌ له‌ یاریگاى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، دواتر تاجه‌ گوڵینه‌ى میوانه‌كان له‌سه‌ر مه‌زارى شه‌هیدان داده‌نرێت، كاتژمێر 3ى پاشنیوه‌ڕۆش پانێلێكى ئاوه‌دانى به‌ ئاماده‌بوونى كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ رێکدەخرێت.

دواڕۆژ: بۆ ئه‌مساڵ به‌رپرسانى حكومه‌ت كه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌بن له‌گه‌ڵ ئیداره‌ى شاره‌كه‌ چییان پێیه‌ بۆ خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌؟ به‌تایبه‌ت پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى؟
عه‌لى عوسمان:  له‌گه‌ڵ جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و ئیداره‌ى شاره‌كه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌م پارێزگایه‌ له‌ گۆشه‌گیرى رزگار بكه‌ین، ئه‌مه‌ش به‌ سێ قۆناغ ده‌كرێت، دوانیان له‌ قۆناغى كۆتایدایه‌، یه‌كه‌م، ته‌واوكردنى رێگه‌ى دووسایدى هه‌ڵه‌بجه‌ - سه‌ید سادق كه‌ له‌ 20%ى ماوه‌ ته‌واوبكرێت و له‌ مانگى 6-دا ده‌كرێته‌وه‌، تێچووى پڕۆژه‌كه‌ش 92 ملیار دیناره‌ و به‌ سیستەمى سلفه‌ و هاوكارى كارى بۆ ده‌كه‌ین، دووه‌م، به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنى مه‌رزى ته‌وێڵەیە‌ كه‌ له‌ كۆتا قۆناغه‌كانی ره‌زامه‌ندییه‌تى له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه‌، سێیه‌م، دروستكردنى پردێكە كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ ده‌ربه‌ندیخان، ئه‌مه‌ش به‌م نزیكانه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر ده‌درێت، به‌ته‌واوكردنى رێكارى هه‌رسێ پرۆژه‌كه‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ردى بناغه‌ى داده‌نرێت بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ ناوه‌ندێكى بازرگانى و دروستكردنى ژێرخانى ئابورى و هه‌روه‌ها له‌رووى گه‌شتیاریشه‌وه‌ سوود به‌ ناوچه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێت.

دواڕۆژ: هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ پێش و پاش بوون به‌ پارێزگا چ جیاوازییه‌كى هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌ڕووى خزمه‌تگوزارییه‌وه‌؟ له‌كاتێكدا زۆربه‌ى هاوڵاتیانى ره‌خنه‌ له‌ پارێزگا و حكومه‌ت ده‌گرن كه‌ له‌ ماوه‌ى 3 ساڵی رابردوودا كارى ئه‌وتۆى بۆ نه‌كراوه‌؟
عه‌لى عوسمان: له‌وه‌ته‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌ته‌ پارێزگا رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌رده‌وام پرۆژه‌یان بۆ ئه‌م پارێزگایه‌ هه‌بووه‌، ساڵى 2017 به‌بڕى زیاتر له‌ 8 ملیۆن دۆلار پرۆژه‌ى خزمه‌تگوزاریی له‌ كه‌رتى كاره‌با و په‌روه‌رده‌ و ئاو و كشتوكاڵ جێبه‌جێ كراون كه‌ زۆربه‌یان ته‌واو بووه‌.

دواڕۆژ: ئایا ئه‌مانه‌ له‌ ئاستى خواستى خه‌ڵكدایه‌؟
عه‌لى عوسمان: به‌ڕه‌چاوكردنى قه‌یرانى دارایى و به‌به‌راوردكردن له‌نێوان هه‌ڵه‌بجه‌ و ناوچه‌یه‌كى تر، به‌ڵى زیاتر له‌8 ملیۆن دۆلار هیچ پارێزگایه‌ك ئه‌وه‌نده‌ پاره‌ى بۆ دابین نه‌كراوه‌ له‌وه‌ته‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌ته‌ پارێزگا.

دواڕۆژ: له‌ بوودجه‌ى ئه‌مساڵى عێراقدا وه‌كو پارێزگا ناوى هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌هێنراوه‌، بۆچى لێى بێده‌نگن و ئایا له‌ڕێگه‌ى نوێنه‌رانى كورده‌وه‌ هیچ فشارێك نه‌كراوە؟
عه‌لى عوسمان: ئێمه‌ بێده‌نگ نه‌بووین، له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مانى عێراق كۆبووینه‌ته‌وه‌، چوینه‌ته‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك به‌رپرسى باڵاى وه‌كو مه‌هدى عه‌لاقدا قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌مه‌ كردووه‌، كه‌ بڕیاریشه‌ له‌ 16ى3 به‌نوێنه‌رایه‌تى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بێته‌ هه‌ڵه‌بجه‌، پێمان وتوون بۆچى له‌ بوودجه‌ى 2016 و 2017ى عێراقدا ناوى هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌كو پارێزگا هاتووه‌ به‌ڵام له‌ 2018دا ناوى نه‌هاتووه‌، هۆكاره‌كه‌شى بۆ كێشه‌ سیاسییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام له‌م دوایانه‌دا 3 ملیار دینار له‌ بوودجه‌ى گشتى عێراق ته‌رخانكراوه‌ بۆ دروستكردنى هۆڵێكى شایسته‌ بۆ شاره‌كه‌.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ له‌ئێستادا هه‌ڵه‌بجه‌ پێویستى به‌چییه‌؟
عه‌لى عوسمان : له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پێشتر هه‌ڵه‌بجه‌ قه‌زابووه‌، بۆیه‌ دروستكردنى پارێزگایه‌كى نوێ پێویستى به‌ زۆر شت هه‌یه‌، یه‌كه‌م هه‌نگاو كه‌ پێویسته‌ بنرێت، ده‌ركردنى پارێزگاكه‌یه‌ له‌و گۆشه‌گیرییه‌ى تێى كه‌وتووه‌، به‌ هاوكارى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت هه‌نگاومان بۆ ناوه‌، جگه‌ له‌وه‌، هه‌ڵه‌بجه‌ پێویستى به‌ ته‌واوكردنى هه‌موو رێكاره‌ یاسایی و ئیدارییه‌كانه‌ كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ حكومه‌تى عێراقه‌وه‌، به‌تایبه‌ت كردنه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پاسپۆرت و ره‌گه‌زنامه‌ كه‌ شوناسى هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌كو پارێزگا ده‌رده‌خات.

دواڕۆژ: له‌ڕووى ئیداریی و كردنه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان، بۆچى دواى نزیكه‌ى 3 ساڵ تائێستا به‌شێكیان كاره‌كانیان ته‌واو نه‌بووه‌ و نه‌كراونه‌ته‌وه‌؟
عه‌لى عوسمان: له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك 12 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى بوونى هه‌یه‌، تائێستا حه‌وت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیمان رێكخستووه‌ و كراونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ هاوڵاتییانى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ كاروباره‌كانیان رووناكه‌ سلێمانى، له‌ 75%ى هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌رایتییه‌ گشتییه‌كان له‌ هه‌یكه‌لى پارێزگادا بوونیان هه‌یه‌، ئه‌وانه‌ى كه‌ ماون به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى وه‌به‌رهێنان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى مین، هه‌روه‌ها گومركه‌، به‌داخه‌وه‌ قه‌یرانى دارایى واى كردووه‌ نه‌توانین كار بۆ كردنه‌وه‌یان بكه‌ین.

دواڕۆژ: ده‌وترێت له‌لایه‌ن چه‌ند رێكخراوێكى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ پاره‌ بۆ پڕۆژه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ دابینكراوه‌، به‌ڵام به‌غدا رێگه‌ به‌ ناردنى نادات، ئایا ئاگادارن له‌مه‌ بۆچى رێگه‌ نادرێت؟
عه‌لى عوسمان: پێشتر له‌لایه‌ن ئه‌و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ پاره‌مان بۆ دابین كرا و هیچ رێگرییه‌ك نه‌كرا، ئه‌گه‌ر بزانین به‌غدا رێگره‌ لێى بێده‌نگ نابین.

دواڕۆژ: هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ نوێیەكانى پێویستى به‌ دامه‌زراندنى چه‌ند میلاك هه‌یه‌؟
عه‌لى عوسمان: هه‌ڵاوسانمان هه‌یه‌ له‌ ژماره‌ى فه‌رمانبه‌ران، بۆیه‌ داوامان له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كردووه‌، ده‌سه‌ڵاتى دابه‌شكردنى وه‌زیفیمان بداتێ تا بتوانین له‌م قه‌یرانه‌دا كه‌ حكومه‌ت خه‌ڵك دانامه‌زرێنێت ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ى هه‌مانه‌ جارێكى تر دابه‌شیان بكه‌ینه‌وه‌ به‌سه‌ر فه‌رمانگه‌كاندا.

دواڕۆژ: هه‌ڵه‌بجه‌ پارێزگایه‌ به‌ڵام تائێستا هۆتێلێك یان هێڵێكى گواستنه‌وه‌ى پاسى ناوخۆى تێدا نییه‌، بۆچى؟
عه‌لى عوسمان: به‌هۆى گۆشه‌گیرییه‌كه‌یه‌وه‌یه‌، به‌ڵام به‌ته‌واوبوونى ئه‌و پرۆژانه‌ى باسم كردن، خه‌ڵك به‌مه‌به‌ستى بازرگانى و گه‌شتیارى روو له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ قه‌ره‌باڵخى دروست بوو هۆتێل و رێستۆرانت و هێڵى گواستنه‌وه‌ى باشى ده‌بێت، ئه‌مانه‌ش به‌ستراونه‌ته‌وه‌ به‌و پڕۆژه‌ ستراتیژیانه‌ى هه‌نگاومان بۆ ناون.

دواڕۆژ: ساڵانه‌ له‌ یادى كیمیا بارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ كۆمه‌ڵێك به‌ڵێن ده‌درێت به‌ خه‌ڵكى شاره‌كه‌، به‌ڵام دواى ته‌واو بوونى یاده‌كه‌ ده‌بینرێت به‌ڵێنه‌كان جێبه‌جێ ناكرێت، وه‌ڵامتان چییه‌؟ ئه‌مساڵ چ به‌ڵێنێك ده‌ده‌ن؟
عه‌لى عوسمان: له‌ ماوه‌ى نزیكه‌ى 3 ساڵدا كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌ته‌ پارێزگا هیچ به‌ڵێنێك نه‌دراوه‌،  خه‌ڵكیش ده‌توانێت حكوم بدات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى چیمان كردووه‌ به‌ڕه‌چاووكردنى ئه‌و دۆخه‌ى هه‌رێمى كوردستانى تێكه‌وتووه‌، بۆیه‌ به‌ڵێن ناده‌ین تا خه‌ڵك ئه‌نجامه‌كان نه‌بینێت.              



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure