داواده‌كرێت یاسایه‌كی عێراق له‌هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 16/03/2018‌ :: 1422‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
دواى تیپه‌ڕبوونى نزیكه‌ى 30 ساڵ به‌سه‌ر كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌دا، عێراق ئاماده‌یى تێدا نییه‌ یاساى ژماره‌ 35ى ساڵى 2013 جێبه‌جێبكات كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى هاووڵاتیان و هاوكات جێبه‌جێنه‌كردنى بڕیارى دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق، له‌كاتێكدا هاوڵاتیانى پارێزگاكانى دیكه‌ى عێراق قه‌ره‌بوو كراونه‌ته‌وه‌.

عه‌بدولقادر محه‌مه‌د ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "به‌ گوێره‌ی یاسای ژماره‌ ٣٥ی ساڵی ٢٠١٣ هه‌موو به‌ركه‌وتووانی چه‌كی كیمیایی وه‌ك زیندانی سیاسی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، هه‌روه‌ها ئه‌و هاووڵاتیانه‌ش كه‌ ئاواره‌ی ئێران بوون هه‌موویان قه‌ره‌بووی ماددی و مه‌عنه‌وی ده‌كرێنه‌وه‌، به‌ڵام جێگه‌ی داخه‌ كه‌ تا ئێستا لایه‌نی عێراقی ئه‌و یاسایه‌ی له‌هه‌رێمى كوردستان جێبه‌جێنه‌كردووه‌".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، به‌ گوێره‌ى به‌دواداچوونه‌كانمان، هه‌مان ئه‌و یاسایه‌ له‌ پارێزگاكانى دیكه‌ى عێراق جێبه‌جێكراوه‌و هاووڵاتیانى عه‌ره‌ب قه‌ره‌بوو كراونه‌ته‌وه‌و ته‌نانه‌ت زۆربه‌شیان موچه‌یان بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت ئیداره‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ش به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێم فشار له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراقی دروستبكه‌ن، بۆ پابه‌ندكردنی به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی هاووڵاتیانی زیانلێكه‌وتووی كوردستان و هه‌ڵه‌بجه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌كر حه‌مه‌سدیق، پارێزه‌رى كه‌یسى تاوانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق به‌ دواڕۆژى وت "قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌ هیچ كێشه‌یه‌كى یاساییان تێدا نییه‌، به‌ڵام دۆسیه‌كه‌ به‌ سیاسى كراوه‌و به‌رپرسانى عێراقى ئاماده‌نین ئه‌م بابه‌ته‌ بخه‌نه‌ به‌رنامه‌ى كاره‌كانیانه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكومه‌تى هه‌رێمیش زۆر جدى نه‌بووه‌ له‌ فشار خستنه‌سه‌ر حكومه‌تى عێراق بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ئه‌م دۆسیه‌یه‌".

ئه‌وه‌شى ڕوونكرده‌وه‌، به‌هه‌موو پێوه‌ره‌كان ده‌بێت هاووڵاتیانى هه‌ڵه‌بجه‌ش قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌، هاوشێوه‌ى هاووڵاتیانى نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا، چونكه‌ له‌لایه‌ك دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق بڕیاریداوه‌ به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدان، له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ په‌رله‌مانى عێراق یاساى ژماره‌ ٣٥ى ده‌ركردووه‌ كه‌ ئه‌ویش تایبه‌ته‌ به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى زیانلێكه‌وتووانى ده‌ستى ڕژێمى به‌عس.  

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌لاح عارف، سه‌رۆكى ده‌زگاى ژیان بۆ مافه‌كانى مرۆڤ، به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند، به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراقه‌وه‌ حكومه‌ت ناچاركراوه‌ به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى كه‌سووكارى شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌، بۆیه‌ له‌ رێگه‌ى حه‌وت پارێزه‌رى نێوده‌وڵه‌تی و ناخۆییه‌وه‌ له‌ هه‌وڵى ناچاركردنى عێراقداین به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى هاووڵاتیانى هه‌ڵه‌بجه‌، بۆ ئه‌وه‌ى فشارێكى زیاتر له‌سه‌ر حكومه‌ت دروستبكه‌ن و ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ینه‌ دۆسیه‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تى.

سه‌ڵاح وتیشی "ئێمه‌ نه‌خشه‌ڕێگاى  یاساییمان دۆزیوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى عێراق ناچار بكه‌ین به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى هاووڵاتیانى هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ى ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگایه‌ ئاشكرابكه‌ین، ده‌مانه‌وێت له‌ رێگه‌ى 10 هه‌زار واژۆى هاووڵاتیانى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ داوا له‌ په‌رله‌مانى عێراق بكه‌ین به‌ ناچاركردنى حكومه‌ت به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى هاووڵاتیانى هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئێمه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ نێوده‌وڵه‌تى ده‌كه‌ین".

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure