هه‌ولێر: لەبەردەم کونسڵخانەى ئەڵمانیا گردبوونەوەیەک بۆ پاڵپشتی هه‌ڵه‌بجه‌ بەڕێوەچوو

هەواڵ / کوردستان :: 15/03/2018‌ :: 192‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
ئەمڕۆ 15ی ئازاری 2018 ژمارەیەک لە رێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى دژى چەکى ئەتۆمى و جینۆساید لەبەردەم کونسڵخانەى ئەڵمانیا لەهەولێر گردبونەوەیەکیان ئەنجامدا و داوایانكرد ئەڵمانیا بە رەسمى دانبنێت بەجینۆسایدى گەلى کورد و داواى لێبوردنیش بکات.


عه‌لی مه‌حمود، یەکێک له‌ رێكخه‌رانی گردبونه‌وه‌كه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "کۆمپانیاکانى ئەڵمانیا هاوشان لەگەڵ زۆربەى وڵاتانى ئەوروپا و ئەمریکا و یابان لەهەشتاکانى سەدەى رابردوودا رۆڵیان هەبووە لە فرۆشتنى چەکى کۆمەڵکوژی بە رژێمی به‌عس و چه‌كه‌كانیش له‌ دژی كورد به‌كارهێنران".

وتیشی "بەهۆى کیمیابارانەکەى هەڵەبجەوه‌ لە ساڵى 1988 تائێستا به‌ سەدان کەس بەهۆى برینەکانیان بەم چەکە دەتلێنەوە و ناوه‌ناوه‌ش كه‌سێك به‌هۆی به‌ركه‌وتنی چه‌كی كیمیایی گیان له‌ده‌ستده‌دات".

هاوكات له‌میانی گردبوونه‌وەكه‌دا چالاكانی مه‌ده‌نی داوایان له‌ حکومەتى ئەڵمانیا كرد بەڕەسمى داواى لێبوردن له‌ خه‌ڵكی كوردستان بكات و هاوشێوەى دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراق دان بەتاوانەکانى جینۆسایدى کورددابنێت و تاوانى جینۆسایدى ئێزدى و کریستیان و شەبەکیش به‌ڕەسمی بناسێنێت.

داواشیان كرد، حکومەتى ئەڵمانیا چارەسەرى بریندارەکانى ئەو جۆرە چەکە بکات و لەبرى ئەوەى رۆژانە ئاسانکارى بکرێ بۆ پێدانى ڤیزا بە بەرپرسان، ڤیزا بدەن بە بریندارەکان و منداڵەکانیان بۆ کۆرسى خوێندن لەئەڵمانیا.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure