کردنەوەی فڕۆکەخانەکان نرخی هه‌ندێك كاڵاو شه‌مه‌ك دێنێته‌وه‌ خواره‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 14/03/2018‌ :: 475‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
دواى وه‌ستانى گەشتە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەخانەکانی کوردستان بۆ ماوه‌ى 5 مانگ و ئەوەش کاریگەریی لەسەر نرخى ژمارەیەک کەلوپەلی هاوردە دروستکرد، بازرگانانیش دەڵێن "لەگەڵ کردنەوەی فڕۆکەخانەکان نرخی ئەو کاڵایانە دادەبەزن".


قوماش و مۆبایل، دوو گرنگترین و پڕ فڕۆشترین کەلوپەلی هاوردەن بۆ ناو هەرێمی کوردستان، وه‌ستانى فڕۆكه‌خانه‌كان كاریگه‌ریى له‌سه‌ر نرخه‌كانیان هەیە، جگە لەوەی خواستی زۆریان لەسەره‌ و بەتایبەتیش قوماش لەمانگی ئازاری هەموو ساڵێکدا، بەهۆی یادەکانی نەورۆزەوە ، بەڵام داخستنی گەشتی نێودەوڵەتی فڕۆکەخانەکان گورزی گەورەی لە هاوردەی قوماشدا بۆ ئەمساڵ.

حاجی رەشید بەزاز، کە ماوەی ٢٤ ساڵە کاری فڕۆشتنی قوماش دەکات لە هەولێر، بۆ دواڕۆژ دەڵێت "نە قەیرانی دارایی، نەشەڕی داعش، نە کێشەکانی نێوان هەوڵیر و بەغدا هیچ کات نەیتوانی هاوردەکردنی قوماش بەڕێژەی سەدا پەنجا زیاتر بۆ هەرێم دابەزێنن، بەڵام گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەکان توانی هاوردەی قوماش بکاتە سەدا پەنجا".

وتیشی "له‌ئێستادا کردنەوەی فڕۆکەخانەکان بۆ هاوردەی قوماش گرنگ نیە، بەڵام بە گشتی نرخەکەی و هێنانەوەی و بازرگانیەکەی ئاسان دەبێتەوە، چونکە دەبێت لانیکەم ١٠ تا ٢٠ رۆژ پێشتر قوماش بكڕین بۆ ئەوەی لەکاتی خۆی بگاتە دەستمان، بەڵام ئەمساڵ بۆ بەهار و بۆنەکان درەنگە، جا هێنانی لە هیندستان، لە دبی، لە پاکستان یان وڵاتانی ئەوروپا بێت ".

ژوورە بازرگانییەکانی هەرێم داخستنی فڕۆکەخانەکان بە گورزێکی گەورە ناودەبات، دەڵێت" پچڕانی پەیوەندی بازرگانان بۆ ماوەی ٥ مانگ وایکرد ئاڕاستەی جموجۆڵی بازرگانی لە هەرێمەوە بگۆڕێت بۆ عێراق".

دارا جەلیل خەیات، بۆ دواڕۆژ وتی "بەغدا دوای ریفراندۆم تەواوی ئابووری هەرێمی لاواز کردووە، لەوانە دەستگرتن بەسەر کاری بازرگانان رێگەنەدان بەهاوردەکردنی هەندێک کەلوپەل لەرێگه‌ی فڕۆکەخانەی بەغداوە وەک زێر، دۆلار، ئەڵماس، خواردن. مەشروبات، جگەرە، مانگا و کۆمەڵێک کەلوپەل و پێداویستی تر، ئەوەش لەهەرێم نرخەکانی بەرزکردەوە، بەڵام لەمەودوا گۆڕانکاریان بەسەردا دێت، بە هۆی کردنەوەی فڕۆکەخانەکان".

ساڵانە بە سەدان تۆن بەرووبومی سپیایی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت لە رێگه‌ی فڕۆکەخانەکانەوە، ئەوەش دەرفەتێکی باشی بۆ بازرگان و خاوەن کارەکان پەیداکردبوو، چونکە هەناردەی خوار و ناوەڕاستی عێراقیان دەکرد.

لەوباریەوە کاروان رەجەب، خاوەن کۆمپانیای باشور بۆ بەرهەمی سپیایی دەڵێت "پێشتر ئێمە رێژەیەکی زۆر خواردەمەنی و بەرهەمی سپیای وەک ماست و پەنیر و رۆن و شیر کۆمەڵیک بەرهەمی ترمان لەرێگه‌ی فڕۆکەخانەکانەوە لەوڵاتانەوە دەهێنایە هەولێر و سلێمانی و دواتر لەرێگه‌ی ئۆتۆمبێلەوە دەمانناردە خوار و ناوەڕاستی عێراق  ئەوەش چەندین جۆر قازانجی بۆ هەرێم هەبوو، بەڵام دوای داخستنی فڕۆکەخانەکان پێچەوانە بویەوە سەرجەم قازانجەکان کەوتنە دەستی بەغدا و بازرگانانی بەغدا ئەو شتانەیان بۆ هەرێم دابین دەکرد و ئەوەش نرخی زۆری دەهاتە سەر".

وەزارەتی گواستنەوە گەیاندنیش دەڵێت "کاریگەری سەد لەسەدی دەبێت لە رووی کات و نرخ و ئاسانکاری، چونکە بازرگانان راستەوخۆ دەیهێننە هەرێمی کوردستان و ئەوەش نرخی کەمتر دەبێت".

ده‌شڵێت "جگە لە کەلوپەلی بازرگانی، هاتووچۆی هاوڵاتیان و گەشتیاران و گواستنەوەی پۆست و هەناردەکردنیش خەرجیان کەمتر دەبێت و کەلوپەلەکانیش زووترە دەگەن، بۆیە فڕۆکەخانەکان کاریگەریان بەسەر سەرجەم کایەکانی ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە".

ساڵانی رابردوو هێنانی زێڕ، بۆ هەرێمی کوردستان هەم ئاسانتر بوو، هەمیش زیاتر بوو بەڵام ساڵی ٢٠١٧ کەمترین بڕی زیڕ هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە کە بەرێژەی 45% كه‌میكردۆه‌، بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکان بووە لەسێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو.
 
بەپێی‮ ‬ئامارەكانی‮ ‬بەڕێوەبـەرایـەتی‮ ‬كۆنتڕۆڵی‮ ‬جۆری‮ ‬خشڵ لە وەزارەتی‮ ‬پلاندانانی‮ ‬حكومەتی‮ ‬هەرێم، ‬ ساڵی‮ ‬2013  نزیكه‌ى‮ ‬115 تەن‮ ‬زێڕ‮ هاوردەكراوه‌  و ئەو رێژەیە قۆناغ بە قۆناغ و ساڵ بەساڵ کەم بووە، كه‌ ساڵی‮ رابردوو تەنیا (بیست) تەن زێر هاوردەی هەرێم كراوە‮.

 لەباریەوە کەیفی بەشیر، ئەندامی یەكێتی زێرنگەرانی کوردستان، بۆ دواڕۆژ دەڵێت "قەیرانی دارایی کاریگەری گەورەی هەبوو کەسەر هاوردەکردن، بەڵام ئێمە پلانمان وابوو بە دەیان تەن هاوردەی هەرێمی کوردستان بکەین، دوای ئازادکردنی موسڵ و نەمانی داعش بۆ سنوری موسڵ و ئەنبار و فەلوجە و کۆمەڵێک شوێنی تر، بەڵام بە داخستنی فڕۆکەخاکانەکان ئەو پلانەمان شکستی هێنا".‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬

وتیشى " ساڵی ٢٠١٨ من هیچ زێڕم هاوردە نەکردوە، چونکە ئەوەی ماوە نەفرۆشراوە و هاوسەرگیریش کەمە، بەڵکو زیاتر ئاڵوگۆری دەکەم و زێڕی نوێ بهێنین نرخی زۆر گران دەبێت لەرێگه‌ی بەغداوە، بۆیە لەمەدوا لەگەڵ لەگەڵ کردنەوەی فڕۆکەخانەکان هەوڵدەدەین دەستبە هاوردەکردنی بکەینەوە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure