"بۆ یادى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ 60 ملیۆن دینار ته‌رخانكراوه‌"

هەواڵ / کوردستان :: 15/03/2018‌ :: 191‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
وته‌بێژى یادى 30 ساڵه‌ى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ رایگه‌یاند ئه‌مساڵ زۆربه‌ى كونسڵ و نوێنه‌رى وڵاتانى بیانیى ئاماده‌ى یاده‌كه‌ ده‌بن و حكومه‌تى عێراقیش وتاری ده‌بێت، هاوكات بڕى 60 ملیۆن دیناریش بۆ به‌ڕێوه‌چوونى یاده‌كه‌ ته‌رخانكراوه‌.


ئێواره‌ى رۆژی چوارشەممە 14ی ئەم مانگە، له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا له‌هۆڵى مۆنۆمێنتى هه‌ڵه‌بجه‌، سه‌رخێڵ غه‌فار وته‌بێژى مه‌راسیمى یادى 30 ساڵه‌ى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، سه‌رجه‌م ئاماده‌كارییه‌كان بۆ به‌ڕێوه‌چوونى یاده‌كه‌ ته‌واوبوون و ئه‌مساڵ له‌هۆڵى یاریگاى گشتى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌كاتژمێر 10ى به‌یانى یاده‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بانگهێشتى زۆرێك له‌نوێنه‌ر و كونسڵى وڵاتان بیانى كراوه‌و زۆرێكیان وه‌ڵامیان ناردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئاماده‌ده‌بن.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، هه‌ر له‌و یاده‌دا نوێنه‌رى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ئاماده‌ ده‌بێت و وتارێك ده‌خوێنێته‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌رپرسانى باڵاى حكومه‌تى هه‌رێمیش یاده‌كه‌ به‌یادى خۆیان ده‌زانن و چاوه‌ڕێى ئاماده‌بوونیان ده‌كه‌ین، هاوكات دوای نیوه‌ڕۆى 16/3 چه‌ندین چالاكى هونه‌رى و ڕۆشنبیرى له‌یاده‌كه‌دا ئه‌نجامده‌درێن.

وته‌بێژه‌كه‌ى مه‌راسیمى یادى 30 ساڵه‌ى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى وت "بۆ به‌ڕێوه‌چوونى یاده‌كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ بڕى 60 ملیۆن دینار ته‌رخانكراوه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین لیژنه‌ى لاوه‌كى دروستكراون، بۆ چۆنێتى پێشوازیكردن له‌ میوانان و به‌ڕێوه‌بردنى یاده‌كه‌ به‌ جۆرێك له‌ ئاست داواكارى كه‌سوكارى شه‌هیدان و گه‌وره‌یى تاوانه‌كه‌دا بێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure