پاسه‌وانێكی سه‌رۆك كۆمار سزای زیندانی هه‌تاهه‌تایی درا

هەواڵ / کوردستان :: 14/03/2018‌ :: 1766‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
دادگای تاوانه‌كانی به‌غدا سزای هه‌تاهه‌تایی به‌سه‌ر پاسه‌وانێكی سه‌رۆكایه‌تی كۆماردا سه‌پاند كه‌ ساڵی رابردوو به‌ده‌ستڕێژی گولـله‌ به‌رپرسێكی شاره‌وانی به‌غدای كوشت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 14ی ئازار دادگای تاوانه‌كانی كه‌رخ به‌تۆمه‌تی كوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست سزای زيندانى هه‌تاهه‌تایی سه‌پاند به‌سه‌ر (به‌شدار عومه‌ر) پاسه‌وان له سه‌رۆكایه‌تی كۆمار كه‌ له‌ پێكهاته‌ی كورده‌ و خه‌ڵكی كه‌ركوكه‌.

له‌ 22ی ئابی ساڵی رابردوو له‌ یه‌كێك له‌ بازگه‌كانی ناوچه‌ی دۆره‌ی به‌غدا، ئه‌و پاسه‌وانه‌ی لیوای سه‌رۆكایه‌تی كۆمار به‌ده‌ستڕێژی گولـله‌ (ئه‌ندازیار سائر) یاریده‌ده‌ری شاره‌وانی دۆره‌ی كوشت، دوای ئه‌وه‌ی پابه‌ندنه‌بوو به‌ رێنمایی بازگه‌كه‌ كه‌ ویستبووی به‌ بازگه‌كه‌دا تێپه‌ڕبێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی راوه‌ستێت.

دیار عومه‌ر، برای تۆمه‌تبار به‌ دواڕۆژی وت "ئه‌مڕۆ له‌دادگای كه‌رخ سزای هه‌تاهه‌تایی به‌سه‌ر به‌شداری برامدا سه‌پێندرا له‌كاتێكدا چاوه‌ڕوان بووین نه‌گاته‌ ئه‌و راده‌یه‌".

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ له‌ماوه‌ی پێشوتردا لیوای سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆریان وه‌كو خوێنی كوژراوه‌كه‌ دایه‌ خێزانه‌كه‌ی تاوه‌كو له‌به‌رامبه‌ردا ده‌ستبه‌رداری دۆسێكه‌ بن، به‌ڵام ئه‌وان سه‌ره‌ڕای وه‌رگرتنی پاره‌كه‌ ئاماده‌نه‌بوونه‌ ده‌ستبه‌رداری دۆسێكه‌ بن.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure