نرخى نه‌وت به‌رزده‌بێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 13/03/2018‌ :: 268‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ نرخى نه‌وت، به‌هۆى وه‌ستانى باركردن له‌ به‌نده‌رى سه‌ره‌كى هه‌نارده‌كرنى نه‌وتى لیبیا، به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌خۆیه‌وه‌ بینى، به‌وه‌ش كاریگه‌رى ئه‌گه‌ره‌كانى زیادبوونى به‌رهه‌مى نه‌وتى ئه‌مریكاى له‌سه‌ر بازاڕه‌كانى نه‌وتى كه‌مكرده‌وه‌.

كاتژمێر 4:30ى پاشنیوه‌ڕۆ به‌كاتى هه‌ولێر، نه‌وتى خاوى برێت كه‌مێك به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌خۆیوه‌ بینى و به‌رمیلێك به‌ 65 دۆلار و 56 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا، نه‌وتى خاوى خۆرئاواى تێكسایش (WTI)یش به‌رزبونه‌وه‌ى به‌خۆیه‌وه‌ بینى و به‌رمیلێك به‌ 61 دۆلار و 70 سه‌نت فرۆشرا.

میدیاكانى لییبیا ئه‌مڕۆ بڵاویانكرده‌وه‌ هه‌نارده‌كردن له‌ به‌نده‌رى (زاویه‌)ى هه‌نارده‌كرنى نه‌وتى لیبیا وه‌ستاوە كه‌ پێشتر رۆژانه‌ 308 هه‌زار به‌رمیلى لێوه‌ هه‌نارده‌ ده‌كرا. 

ئه‌م به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ى نرخه‌كانى نه‌وت له‌ كاتێكدا كه‌ پسپۆرانى بوارى وزه‌ پێیانوایه‌ كه‌ به‌رهه‌مى نه‌وتى ئه‌مریكا كاریگه‌رى له‌سه‌ر بازاڕه‌كان هه‌یه‌و فشار ده‌خاته‌سه‌ر نرخه‌كانى نه‌وت و نایه‌ڵێت به‌رزبێته‌وه‌.

ئاژانسى وزه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش پێشبینی كردوه‌، كه‌ تا كۆتایی ئه‌مساڵ به‌رهه‌مى رۆژانه‌ى نه‌وتى ئه‌مریكا بگاته‌ سه‌روو 11 ملیۆن به‌رمیل و پێش هه‌ریه‌ك له‌ عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ و روسیا بكه‌وێت.  



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure