حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان رێککەوتن

هەواڵ / کوردستان :: 13/03/2018‌ :: 921‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
بەرپرسی یەکەمی حزب و لایەنە کوردستانییەکانی کەرکوک (بەبێ پارتی) لەبارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە شارەکە کۆبونەوەو رێککەوتن بۆ یادی نەورۆز و راپەڕین ئاهەنگێکی گەورە سازدەکرێت و ئاڵای کوردستان بەرزدەکرێتەوە .


رەوەند مەلا مەحمود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی ئەمڕۆ سێشەممە 13ی ئازار بەدواڕۆژی وت "لەکۆبونەوەکەدا قسە لەسەر بۆنەکانی هەڵەبجە و نەورۆز کرا و هەموو لایەنەکان رێککەوتن کە بەیەکەوە بەشداری لەڕێکخستن و بەشداریکردنی ئەو یادانە بکەن لەکەرکوک".

وتیشی "بۆ یادی نەورۆز و راپەڕین ئاهەنگێکی گەورە سازدەکرێت و ئاڵای کوردستان بەرزدەکرێتەوە و سەرجەم کەرکوکییەکان تێیدا بەشداردەبن".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە هەموو لایەنەکان لەکۆبونەوەکەدا جەختیان کردوەتەوە بە خستنەگەڕی زیاتری پەرلەمانتارانی کورد بۆ ئەوەی رێگە نەدەن پێشێلکاری دەستوری دژی کەرکوک ئەنجامبدرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure