زیاتر لە 100 ملیار دیناری مووچە دیارنامێنێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 13/03/2018‌ :: 2061‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
ئەو پارەیەی كە پێنج ساڵ پێش ئێستا بۆ مووچەی فەرمانبەرانی چەند فەرمانگە و وەزارەتێكی حكومەتی هەرێم زیادكرا، خەرجنەكراوە و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت "پارەكە بەدەست هیچ وەزارەت و فەرمانگەیەك نەگەیشتووە، بەڵكو بەشێوەیەكی گەندەڵی مامەڵەی پێوەكراوە".

لەمانگی كۆتایی مانگی ئازاری 2013، پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا بڕی 106 ملیار دینار لە مووچەی پلەباڵای دامەزراوەكانی سەرۆكایەتییەكانی حكومەت و پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و ئەنجومەنی ئاسایش و ئەنجومەنی دادوەری و دەزگای ئاسایشی هەرێم و یەدەگی وەزارەتی دارایی ببڕدرێت و بدرێتە مووچەی فەرمانبەرانی چەند وەزارەت و فەرمانگەیەكی حكومەتی هەرێم.

بەپێی بڕیارەكەی پەرلەمان، پێویست بوو بڕی یەك ملیار بدرێتە ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان و بڕی 5 ملیار دینار بۆ دەستەی چاككردن و پاراستنی ژینگەی هەرێم و بڕی 3 ملیار دینار بۆ دەستەی سەربەخۆیی مافەكانی مرۆڤ و بڕی 5 ملیار دینار بۆ مووچەی كەمئەندامان و بڕی 15 ملیار دینار بۆ وەزارەتی پەروەردە كە تایبەتكرابوو بە نۆژەنكردنەوەی خوێندنگاكانی هەرێم، هەروەها 20 ملیار دینار بۆ مووچەی كەسوكاری شەهیدان و بڕی 50 ملیار دینار بۆ بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەرانی هەرێم و بڕی 40 ملیار دیناریش بۆ وەزارەتی پێشمەرگە تا بەو پێشمەرگانە بدرێت كە مووچەكانیان لە 600 هەزار دینار كەمترە.

دوای پێنج ساڵ لە دەركردنی بڕیارەكە، بەڵام فەرمانگە و وەزارەتەكانی هەرێم ئاماژە بەوەدەكەن كە پارەكەیان بۆ خەرجنەكراوە.

ئەمەل جەلال، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان بە دواڕۆژی راگەیاند "ئەنجومەنی باڵای خانمان نەك یەك ملیار دینار، بەڵكو یەك دیناریشی بۆ خەرجنەكراوە و ئێمە ئەو پارەمان بەدەست نەگەیشتووە".

هاوكات حاكم سەمەد محەمەد، سەرۆكی چاككردن و پاراستی دەستەی ژینگەی هەرێم، بە دواڕۆژی راگەیاند "لەكاتی دەركردنی بڕیارەكە بۆ ماوەیەك بەدواچوونمان كرد تاكو ئەو پارەیەمان بۆ خەرجبكرێت، بەڵام دواتر بەبیانووی قەیرانی دارایی و كۆمەڵێك شتی تر پارەكەمان پێنەدرا".

بەهۆی خەرجنەكردنی پارەكە بۆ ئەو فەرمانگە و وەزارەتانەی هەرێم، لە داواكاری گشتی هەرێم سكاڵا لەسەر حكومەت تۆماركراوە، بەڵام داواكاری گشتی سكاڵاكەی نەجوڵاندووە.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند، بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی کردویانە، هیچ فەرمانگە و وەزارەتێك كە بڕیارەكە دەیگرتنەوە، پارەكەیان پێنەدراوە.

وتیشی "لەگەڵ فەرمانگە و وەزارەتەكان قسەم كردووە و دەڵێن پارەكەمان پێنەدراوە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی دارایی ئاگاداركراینەوە كە پارەكە خەرجكراوە".

ئەندامەكەی پەرلەمان روونیشيكردەوە، پارەكە بە "گەندەڵی" دیارنەماوە و هەرچەندە لە داواكاری گشتی هەرێم سكاڵای لەسەر حكومەت تۆماركردووە، بەڵام داواكاری گشتی هیچ ئەنجامێكی سكاڵاكەی ئاشكراناكات.

لەبارەی دیارنەمانی ئەو پارەیە، حاكم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێم بە دواڕۆژی راگەیاند "دۆسیەی دیارنەمانی ئەو 106 ملیار دینارە لەلای ئێمەیە و كاری لەسەر دەكەین و لەداهاتوودا ئەنجامەكەی رادەگەیەنین".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure