وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هێرشی سه‌ر عه‌فرین كه‌مپەینى جیهانى بۆ ناشتنى نه‌مام راگه‌یه‌نرا

هەواڵ / کوردستان :: 13/03/2018‌ :: 193‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
وه‌ك هه‌ڵوێستێكى مرۆڤدۆستانه‌ و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌و هێرشانه‌ى كه‌ ئێستا ده‌كرێنه‌ سه‌ر گه‌لى كورد له‌ عه‌فرین و هاوكات نزیكبوونه‌وه‌ له‌ یادى 30 ساڵه‌ى كیمیارانى هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌مڕۆ 13ی ئازاری 2018 له‌لایه‌ن دوو ڕێكخراوى بوارى ژینگه‌ییه‌وه‌ كه‌مپەینى جیهانى بۆ ناشتنى نه‌مام راگه‌یەنرا و هاوكات هه‌ر ئه‌مڕۆش ده‌ستكرا به‌ كاركردن له‌ دروستكردنى پڕۆژه‌ى پاركێكى گه‌وره‌ بۆ شارى هه‌ڵه‌بجه‌.


له‌كۆنگره‌یەکی ڕۆژنامه‌وانیدا، سارا سه‌لام، ئه‌ندامی كه‌مپه‌ینی جیهانی ناشتنی نه‌مام، به‌ناوی هه‌ردوو ڕێكخراوی نوێ بۆ پارستنى ژینگه‌ و مافه‌كانى ژنان و ڕێكخراوی پایته‌ختی ئاشتی، به‌یاننامه‌یه‌كی خوێنده‌وه‌ كه‌ تیایدا ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ یادی 30 ساڵه‌ی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌روه‌ها به‌رده‌وامى هێرشه‌كانى توركیا بۆسه‌ر گه‌لى كورد له‌ عه‌فرین، ئه‌مه‌ وایكردووه‌ كه‌ تائێستاش مه‌ترسییه‌كانی كۆمه‌ڵكوژی له‌سه‌ر گه‌له‌كه‌مان له‌ ئارادا بێت، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌ ڕێگه‌ى به‌شداریكردنمان له‌ كه‌مپەینى جیهانى بۆ ناشتنى نه‌مام ده‌مانه‌وێت دژى هه‌موو شه‌ڕ و ماڵوێرانییه‌كى گه‌له‌كه‌مان بوه‌ستینه‌وه‌.

ئه‌وه‌شى وت "ئه‌م كه‌مپەینه‌ هۆكارێكى كاریگه‌ر ده‌بێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى ڕێژه‌ى سه‌وزایى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و هاوكات پاراستنى ژینگه‌ و سروشتى ناوچه‌كه‌، چونكه‌ له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ده‌ستده‌كه‌ین به‌پڕۆژه‌ى دروستكردنى پاركێكى گه‌وره‌ له‌ نزیك بیناى پارێزگا و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى و به‌رپرسانى دیكه‌ى ئیدارى شاره‌كه‌ به‌ڵێنى سه‌رخستنى پڕۆژه‌كه‌یان پێڕاگه‌یاندوین".

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ختیار سه‌عید، به‌رپرسى به‌شى باخچه‌كان له‌سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ى وت "له‌ئێستادا ڕێژه‌ی سه‌وزایی له‌ناو سه‌نته‌ری هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌گاته‌ نزیكه‌ی له‌ 12٪، له‌ كاتێكدا به‌گوێره‌ی ستانداردی نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێت ڕێژه‌ی سه‌وزایی به‌گوێره‌ی ڕوبه‌ری شاره‌كان له‌سه‌روو له‌%16 وه‌ بێت، بۆیه‌ ڕاگه‌یاندنى كه‌مپەینى جیهانى بۆ ناشتنى نه‌مام كاریگه‌رى باشى ده‌بێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى ڕێژه‌ى سه‌وزایى شاره‌كه‌.

كه‌مپینی جیهانی بۆ ناشتنی نه‌مام، به‌بۆنه‌ی به‌رده‌وامی ئه‌و شه‌ڕ و كۆمه‌ڵكوژییانه‌یه‌وه‌ كه‌ له‌مساڵدا له‌ ژماره‌یەك وڵاتی جیهان به‌تایبه‌ت سوریا و عه‌فرین ڕووده‌ده‌ن، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ ڕۆژنامه‌نووسان و چالاكانی ژینگه‌یی وڵاتانی ئه‌ڵمانیا و سوریا و عێراقه‌وه‌  ڕاگه‌یه‌نراوه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure