سلێمانی: هۆشداری دەدرێتە هاووڵاتیان لەنەخواردنی سێو

هەواڵ / ئابوری :: 13/03/2018‌ :: 978‌ جار بینراوە

 دواڕۆژ، زریان محەمەد
بەهۆى خراپی جۆرەکەیەوە و لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانى قایمقامیەتەوە دەستبەسەر بڕێکی زۆر سێوى خراپدا دەگیرێت و سەرۆکی لیژنەکەش رایدەگەیەنێت سێوەکە لەناودەبرێت و خاوەنەکەشی رووبەرووى یاسا دەکرێتەوە.

گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانى قایمقامیەتی سلێمانی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند، لەلایەن لیژنەى عەلوەى سەر بەلیژنە هاوبەشەکانەوە دەستبەسەر بڕی زیاتر لە دوو تەن سێوى خراپدا گیراوە کە شیاوى خواردن و بەکارهێنان نییەو سێوەکە مەترسی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروستدەکات.

ڕاشیگەیاند، دواى پشکنینى سێوەکە کە لەرووکارى دەرەوەیدا شێوەکەى ناشرینە، لەناوەوەش رەشبووەتەوە یاخود کرمی تێدایە، بەپێی رێنماییە تەندروستیەکان بەها خۆراکییەکەى لەدەستداوەو شیاوى خواردن و بەکارهێنان نییە، بۆیە لەلایەن لیژنەى عەلوەى سەر بەلیژنە هاوبەشەکانەوە دەستی بەسەرداگیراوە.

دەربارەى ئەو سێوەى لەبازاڕەکاندا دەفرۆشرێت وتیشی "لیژنەکان ئاگادارکراونەتەوە کە رێگرى لە فرۆشتن و ساغکردنەوەى ئەو جۆرە سێوە بکەن و لە هەر شوێنێک بفرۆشێت، دەستبەسەر سێوەکەیدا دەگیرێت و خاوەنەکەى رووبەرووى یاسا دەکرێتەوە".

گۆران قادر داوا لە هاوڵاتیان دەکات خۆیان لە خواردنی ئەو جۆرە سێوە بەدوور بگرن و لەکاتی هەبوون یان فرۆشتنی لە دوکان و بازارەکاندا، لەرێی ژمارە مۆبایلى تایبەتی لیژنەهاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی (07708677777) یاخود لەرێی لاپەرەى تایبەتى ( قائیمقامیەتی سلێمانی ) لە فەیس بووک، لیژنە هاوبەشەکانی لێ ئاگادار بکەنەوە.

سەرۆکی لیژنەکان ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، سێوە خراپەکە بەفەرمانی قایمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنەى لەناوبردنەوە لەناوچەى تانجەرۆ لەناودبەرێت و خاوەنەکەشی رووبەرووى یاسا دەکرێتەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure