حدكا: گیانی هیچ ئەندامێكی حزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێم پارێزراو نییە
هەواڵ / کوردستان :: 13/03/2018 :: 377 جار بینراوە
دواڕۆژ، ئاكۆ حەمەد رابی
بەرپرسێكی حزبی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، گیانی هیچ بەرپرس و ئەندامێكی حزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان پارێزراو نییە و بەردەوام هەڕەشە و مەترسی لەسەر گیانيان هەیە.
محەمەد ساڵح قادری، بەرپرسی پەیوەندییەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) لە لێدوانێكدا بە دواڕۆژی راگەیاند، ئەگەر كۆماری ئیسلامی ئێران سوربێت و بەردەوامبێت لە تیرۆركردنی ئەندام و دۆست و لایەنگرانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، ئەوكات ئێمەش دەستەوەستان ناوەستین و مافی بەرگری رەوا بەكاردەهێنین و دژی هەر چەشنە "كارێكی تیرۆریستی" دەوەستینەوە و دژ كردەوە بەكاردەهێنین.
وتیشی "پارێزراو نەبوونی ئەندام و بەرپرس و كەسوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێم، دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم و سەروەری خاكەكە دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە ئەركی پاراستن و سەلامەتی گیانی گشت ئەندامان و تێكۆشەرانی رۆژهەڵات دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم".
ئەو بەرپرسەی حزبی دیموكرات ئاماژەی بەوەشدا كە پێویستە حكومەتی هەرێم بە هەستیارییەوە چاودێری و مامەڵە لەگەڵ حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بكات و بوار نەدات كە كاری تیرۆریستی بەرامبەريان بكرێت.
قادری جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە كە هەر دەرفەتێك بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران بڕەخسێت "كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات" و ئەوەندەی پێی بكرێت و دەرفەتی بۆ بڕەخسێت "تیرۆری" ئەندام و بەرپرس دەكات و تەنانەت كەسوكاری تێكۆشەرانی ئێمەش دەكاتە ئامانج.