حكومه‌تی هه‌رێم بڕیارێکی لەبارەی مریشكی به‌ستووەوە دەرکرد

هەواڵ / ئابوری :: 13/03/2018‌ :: 2569‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
به‌مه‌بەستی رێگریكردن له‌ هه‌رزانبوونی زیاتری به‌رهه‌می مریشك و په‌له‌وه‌ر و پشت به‌ستن به‌ به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌كان وه‌زاره‌تی بازرگانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاورده‌كردنی مریشكی به‌ستووی له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ قه‌ده‌غه‌كرد.


مانگی ڕابردوو به‌ بڕیارێكی حكومه‌تی عێراقی به‌ بیانوی ڕێگریكردن له‌ نه‌خۆشی، هاورده‌كردنی مریشك له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق قه‌ده‌غه‌كرا، به‌مه‌ش نرخی کیلۆیەک مریشك له‌ كوردستان گه‌یشته‌ خوار هه‌زار و 500 دینار، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایه‌تی خاوه‌ن كێڵگه‌كانی به‌خێوكردنی مریشكی زیندووی لێكه‌وته‌وه‌.

نه‌وزاد ئه‌دهه‌م، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی هه‌رێمی كوردستان به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند، دوابه‌دوای گفتوگۆكردن و راوێژ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، گه‌یشتینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی چه‌ند بڕیارێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان و خاوه‌ن كێڵگه‌كانی په‌له‌ور بده‌ین و چونكه‌ له‌ ماوه‌ی پێشوو زیانێكی زۆر به‌ر به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌كان كه‌وتووه‌، ئه‌ویش به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی مریشكی هاورده‌كراو به‌سه‌رجه‌م جۆره‌كانییه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

ئاشكراشیكرد، به‌نوسراوی فه‌رمی سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنورییه‌كانیان ئاگاداركردۆتەوە كه‌وا له‌مه‌ودوا مریشكی به‌ستووی هاورده‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان قه‌ده‌غه‌یه‌ و ته‌نیا هه‌ندێك چێشتخانه‌ و رێستورانت نه‌بێت كه‌ پێویستیان به‌ به‌كارهێنانی مریشكی به‌ستوو هه‌یه‌ له‌ شێوه‌ی ماركه‌كانی وه‌ك (كه‌ی ئێف سی).

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئه‌م بڕیاره‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ  لیژنه‌ی ئابووری پارێزگاكان دراوه‌ و بۆ هاورده‌كردنی هه‌ركه‌لوپه‌لێكی خۆراكی و به‌كارهێنان و ئه‌وان له‌گه‌ڵ هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخی بازاڕی پارێزگاكان له‌ ئه‌گه‌ری ناهاوسه‌نگی به‌نوسراو ئاگاداریان ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ رێگه‌ پێدان به‌ دووباره‌ هاورده‌كردن.

هەرێمی کوردستان خاوەنی 1373 کێڵگەی پەلەوەرە، 464 کێڵگە لە هەولێر، 508 کێڵگە لە سلێمانی، 266 کێڵگە لە سنووری دهۆک، 110 لە گەرمیان و 25 کێڵگەشیان لەسنووری هەڵەبجەن. توانای ئەم کێڵگانە ساڵانە 140 هەزار تۆنە، ئەمە لەکاتێکدایە ساڵی 2016، نزیکەی 100 هەزار تۆن و ساڵی 2017، نزیکەی 130 هەزار تۆن مریشکیان بەرهەم هێناوە، جگە لەم رێژەیەش ساڵانە نزیکەی 30 هەزار تۆن مریشکی بەستوو هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure