جێبه‌جێكردنى یاساى لێبوردنى گشتى دواده‌كه‌وێت‌ و دواڕۆژ هۆكاره‌كه‌ی ئاشكراده‌كات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 12/03/2018‌ :: 386‌ جار بینراوە

تاگ :: داد

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
به‌هۆى ناكۆكییه‌كان له‌باره‌ى میكانیزمى جێبه‌جێكردنى یاسای لێبوردنى گشتى و كه‌مكوڕیى له‌دۆسیه‌ى زیندانیان، جێبه‌جێكردنى ئه‌و یاسایه‌ دواكه‌وتووه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیش ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كه‌ن، پێویستى به‌ هه‌شت مانگ ده‌بێت.

له‌كۆتایى مانگى كانونى یه‌كه‌مى پارساڵ په‌رله‌مانى كوردستان یاساى ژماره‌ (3)ى ساڵى 2017ى لێبوردنى گشتى ده‌ركرد، دواى یه‌ك مانگ به‌سه‌ر تێپه‌ربوونیدا، سێ لیژنە پێداچوونەوە بۆ دۆسیەی ئەو تاوانبارانە دەکەن كە یاسای لێبوردنی گشتی دەیانگرێتەوە.

ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى هه‌رێمى كوردستان، رێكه‌وتى 10ى كانونى دووه‌م، رێنمایی تایبه‌تى به‌ یاسای لێبوردنی گشتی بڵاوكرده‌وه‌، به‌پێى نوسراوه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ری، ئه‌و رێنماییانه‌ تایبه‌ته‌ به‌و كه‌سانه‌ی حوكمدراون و به‌ پێی یاساكه‌ لێبوردن ده‌یانگرێته‌وه‌، یان ده‌بێته‌هۆی كه‌مكردنی سزاكانیان.

به‌پێى رێنماییه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى، لێبوردنى گشتى هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ له‌گرتووخانه‌كانى چاكسازى (گه‌وران و منداڵان و ئافره‌تان)، قوتابخانه‌كانى شیاندنى كچان و كوڕان و هه‌رزه‌كاران حوكمدراون، یاخود له‌ قۆناغى راگرتن و گواستنه‌وه‌دان، به‌ڵام پێویسته‌ له‌ به‌رده‌م دادگاى پسپۆر و لیژنه‌ى تایبه‌ت به‌ كێشه‌ و گرفته‌كان، ئاشته‌وایى كۆمه‌ڵایه‌تیان ئه‌نجامدابێت.

به‌پێى ڕێنماییه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى هه‌رێم، پێویسته‌ داموده‌زگاكانى چاكسازى كۆمه‌ڵایه‌تى و به‌ڕێوبه‌رایه‌تى و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، ناوى هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ به‌رزبكه‌نه‌وه‌ كه‌ سوود له‌و یاسایه‌ وه‌رده‌گرن.

به‌پێى یاسای په‌سه‌ندكراوى لێبوردنى گشتى زیاتر له‌ دوو هه‌زار كه‌س له‌ هه‌رێم به‌ر یاساى لێبوردنى گشتى ده‌كه‌ون، له‌ئێستاشدا ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى به‌ هاوكارى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌هه‌وڵى وردبینیكردنى دۆسیه‌ى زیندانیانى هه‌رێمن، به‌شێك له‌و دۆسیانه‌ش په‌یوه‌ندى هه‌یه‌ به‌ زیاده‌ڕه‌ویى بۆ سه‌ر موڵك و ماڵى گشتى، هه‌رچه‌ند به‌پێى مادده‌ى 9ى یاساكه‌ نابێت تاوانبارانى سزاى زیاده‌ڕه‌ویى به‌ر یاسایى لێبوردن گشتى بكه‌ون.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ له‌ئێستا به‌شێك له‌و كه‌یسانه‌ له‌لایه‌ن دادوه‌رانه‌وه‌ لێبوردنى گشتى بۆ ده‌رچووه‌ و داواكارى گشتیى هه‌رێمیش ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ و داواده‌كه‌ن دادوه‌ران کەیسەکانی زیاده‌ڕه‌ویى بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی بەر لێبوردنى گشتى نەكه‌ون.

به‌پێى ئاماره‌كانى وه‌زارتى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى تائێستا لە پارێزگای هەولێر 610 تاوانبار، له‌سلێمانى 744، له‌ دهۆك 481 دۆسیه‌ یەكلایی كراونەتەوە و لێبوردنی گشتی دەیانگرێتەوە و بەشێكیشیان ئازادكراون.

ئه‌نوه‌ر عزه‌دین، ئه‌ندامى لیژنه‌ى وردبینكردن له‌ دۆسیه‌ى زیندانیان بۆ دواڕۆژ ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات، تاوه‌كو ئێستا 80%ی كارەكانی لیژنەكە تەواوبووە، جگە لەو كەیسانەی پەیوەستن بە سزای لەسێدارەدان، به‌ڵام بەهۆی كەموكوڕی لە دۆسیەی تاوانباراندا كاتێکی زۆری دەوێت تا هەموو دۆسیەكان رێكدەخرێنەوە.

له‌باره‌ى دواخستنى دۆسیه‌كان مه‌حه‌مه‌د گۆمه‌شینى، وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى وت "كاره‌كانى لیژنەكان سست نییە، چونكە بە ئاسانی ناتوانرێت تاوانبار تێكەڵبكەیتەوە لەگەڵ كۆمەڵگە كە تەواو لە دۆسیەكەی دڵنیا نەبیت، بۆیە کارەکە وردبینی زیاتری دەوێت".

وتیشى "ماوه‌ی هه‌شت مانگ دیاریكراوه‌ به‌مه‌به‌ستى جێبه‌جێكردنى ئه‌و یاسایه‌ و له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌بێت جێبه‌جێ بكرێت".

لای خۆیه‌وه‌ سۆران عومه‌ر، سه‌رۆكى لیژنه‌ى مافى مرۆڤ له‌په‌رله‌مانى كوردستان پێیوایه‌ كێشه‌ نییه‌ ئه‌گه‌ر دۆسیه‌كان دوابكه‌وێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ پێویسته‌ بكرێت و به‌پێى یاسایى په‌سه‌ندكراو مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆسیه‌كان بكرێت و ره‌چاوى دادپه‌ر‌وه‌رى بكرێت و ئاسانكارى بۆ هیچ كه‌س نه‌كرێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure