وه‌زیرى رۆشنبیرى: هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر كارگه‌ى جگه‌ره‌ى سلێمانى نییه‌

هەواڵ / کوردستان :: 13/03/2018‌ :: 413‌ جار بینراوە
خالید دۆسكى، وه‌زیرى رۆشنبیریى و لاوانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان

تاگ :: رۆشنبیرى

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
وه‌زیرى رۆشنبیریى و لاوانى هه‌رێمى حكومه‌تى هه‌رێم جه‌ختده‌كاته‌وه‌ كه‌ هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر كارگه‌ى جگه‌ره‌ى سلێمانى نییه‌، ده‌شڵێت "شوێنى كارگه‌كه‌ ده‌كرێته‌ پڕۆژه‌یه‌كى گه‌وره‌ى رۆشنبیری".


خالید دۆسكى، وه‌زیرى رۆشنبیریى و لاوانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگۆى داگیركردنى كارگه‌ى جگه‌ره‌ى سلێمانى، به‌ دواڕۆژى وت "كه‌س له‌ خۆمان به‌ خه‌مخۆرتر بۆ سلێمانى نازانین، ئێمه‌ وه‌ك وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى رۆشنبیرى شاره‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و رێكخراوه‌ هاوكاره‌ى له‌گه‌ڵمانه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵمانداوه‌ بیپارێزین".

جه‌ختیشى كرده‌وه‌ "هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر كارگه‌ى جگه‌ره‌ى سلێمانى نیه‌، به‌ڵكو پڕۆژه‌یه‌كى رۆشنبیرى وه‌زاره‌تمانه‌، تائێستاش ده‌ستمان به‌ جێبه‌جێكردنى نه‌كردووه‌، به‌ڵام هه‌ندێ كارى بچوك تێیدا ده‌ستیپێكردووه‌".

خالید دۆسكى، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "له‌ بودجه‌ى پایته‌ختى رۆشنبیرى بڕه‌ پاره‌یه‌كمان بۆ ئه‌و پڕۆژه‌ رۆشنبیرییه‌ى كارگه‌ى جگه‌ره‌كه‌ ته‌رخانكردووه‌، له‌دواى ده‌ستپێكردنى كاره‌كان پاره‌ى زیاترى ده‌وێت، بۆیه‌ داوا له‌ حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كه‌ین بودجه‌كه‌ى زیادبكات، كۆنفرانسێكیش ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى وه‌به‌رهێنه‌رانى شاره‌كه‌ش به‌شداربن له‌ ئه‌نجامدانى ئه‌و پڕۆژه‌ گه‌وره‌یه‌". 

ماوه‌ى پێنج ساڵه‌ كارگه‌ى جگه‌ره‌ى سلێمانى به‌ موڵكى خراوه‌ته‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى رۆشنبیرى و هونه‌رى سلێمانى، له‌ چه‌ند رۆژى رابردووشدا گروپى خه‌مى شار داواى پاراستنى كارگه‌كه‌یان كرد و هۆشداریاندا له‌ داگیركردنى بۆ پڕۆژه‌ى بازرگانى.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure