په‌كه‌كه‌: ژماره‌یه‌ك ناوه‌ند و ڕێكخراوی توركیا له‌باشور خه‌ریكی پیلانگێڕین

هەواڵ / کوردستان :: 12/03/2018‌ :: 309‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 
به‌رپرسێكی په‌كه‌كه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ژماره‌یه‌ك ناوه‌ند و ڕێكخراوی توركی له‌ باشوری كوردستان خه‌ریكی پیلانگێڕین دژی ده‌سكه‌وته‌كانی كورد، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ پێویسته‌ كورد چالاكییه‌كانی بباته‌ به‌رده‌م كۆنسڵخانه‌كانی ئه‌مریكا و روسیا. 


سه‌رحه‌د ڤارتۆ، وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) له‌ لێدوانێكدا به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "به‌داخه‌وه‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك ناوه‌ند و ڕێكخراوی توركی له‌ باشوری كوردستان هه‌ن و له‌وێ خه‌ریكی كاری پیلانگێڕین دژی عه‌فرین و سه‌رجه‌م ده‌ستكه‌وته‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان و له‌و ڕوه‌وه‌ ئێمه‌ زانیاریمان له‌به‌رده‌سته‌، بۆیه‌ ئه‌م كاره‌ داگیركارییه‌ی كه‌ توركیا له‌ باشور ده‌یكات دژی گه‌لی كورد، پێویستی به‌ هه‌ڵوه‌سه‌ته‌ له‌سه‌ركردنه‌ و جێیگه‌ی خۆیه‌تی گه‌لی باشوریش ئه‌و پیلانگێڕییه‌ قبوڵ نه‌كات". 

جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و ناوه‌ند و ڕێكخراوانه‌ی كه‌ له‌باشور هه‌ن له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی توركیاوه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن و ئاڕاسته‌ ده‌كرێن. 

ڤارتۆ باسی له‌وه‌شكرد كه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا توركیا دژی گه‌لی كورد ئه‌نجامی ده‌دات هه‌وڵدانه‌ بۆ له‌باربردنی ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد له‌هه‌موو شوێنێك، ئه‌وه‌ی له‌ عه‌فرینیش ده‌گوزه‌رێت هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌دایه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ گه‌لی كورد له‌ هه‌موو جیهان چالاكی جۆراوجۆر ئه‌نجامبدات و پێش هه‌موو شتێك پێویسته‌ بچنه‌ به‌رده‌م كۆنسڵخانه‌كانی ئه‌مریكا و روسیا و به‌هه‌موو دونیا بڵێن كه‌ ئه‌ردۆغان قه‌تڵوعامی گه‌لی كورد ده‌كات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure