دواڕۆژ بەرنامەی مەراسیمی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە بڵاودەکاتەوە

هەواڵ / کوردستانی :: 12/03/2018‌ :: 316‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
وته‌بێژى وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى حكومه‌تى هه‌رێم ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، بۆ یادى 30 ساڵه‌ى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌، لیژنه‌ى باڵاى یاده‌كه‌ بڕیاریداوه‌ كه‌ ئه‌مساڵ یادى كیمیاباران له‌ یاریگاى داخراوى هه‌ڵه‌بجه‌ بكرێته‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بانگهێشتى رەسمییان بۆ سه‌رجه‌م كونسڵ و نوێنه‌رایه‌تى وڵاتانى بیانى ناردووه‌ و پێشبینیش ده‌كه‌ن سه‌رۆكى حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ى به‌شدارى یاده‌كه‌ بكه‌ن.

فوئاد عوسمان، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، هاوشێوه‌ى ساڵاى ڕابردوو بۆ ئه‌مساڵیش كه‌ 30 ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر تاوانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌دا، لیژنه‌یه‌كى باڵا و چه‌ند لیژنه‌یه‌كى لاوه‌كى پێكهێنراون بۆ چۆنیه‌تى به‌ڕێوه‌چوونى یاده‌كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ سه‌رپه‌رشتى ڕاسته‌وخۆى وه‌زیرى كاروبارى شه‌هیدان یاده‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، لیژنه‌ى باڵاى یادى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ بڕیاریداوه‌ كه‌ ئه‌مساڵ یادى كیمیاباران له‌ناو یاریگاى داخراوى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێوه‌بچێت و له‌ كاتژمێر 10ى پێشنیوه‌ڕۆ به‌ خوێندنه‌وه‌ى چه‌ند وتارێك ده‌ست به‌یاده‌كه‌ ده‌كه‌ین و پاشان له‌ كاتژمێر 11 له‌سه‌ر مه‌زارى شه‌هیدان تاجه‌گوڵینه‌ داده‌نرێت، دواتر پاشنیوه‌ڕۆ له‌ زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌ دیبه‌یتێك له‌سه‌ر تاوانى جینۆساید له‌لایه‌ن كه‌سانى پسپۆڕ و شاره‌زاوه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

وته‌بێژه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان هه‌رچه‌نده‌ ئاماده‌ نه‌بوو بڕى ئه‌و بودجه‌یه‌ ئاشكرا بكات كه‌ بۆ به‌ڕێوه‌چوونى یاده‌كه‌ ته‌رخانكراوه‌، به‌ڵام ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه‌ ئه‌گه‌رێكى زۆر هه‌یه‌ بۆ ئه‌مساڵ سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم، جێگره‌كه‌ى، سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق، كونسڵ و باڵیۆزى وڵاتانى بیانى له‌هه‌رێم ئاماده‌ى یاده‌كه‌ ببن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بانگهێشتى رەسمیمان ئاڕاسته‌ كردوون.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە