وه‌ستانى هه‌نارده‌ى نه‌وتى كه‌ركوك زیانى زیاتر له‌ 2 ملیار دۆلار به‌ عێراق ده‌گه‌یه‌نێت

هەواڵ / ئابوری :: 12/03/2018‌ :: 243‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرت - سامان قوبادى  
دواى ته‌واوبوونى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى بۆرى نه‌وتى كه‌ركوك – موسڵ - توركیا، به‌غدا هیچ پێویستییه‌كى به‌ بۆرییه‌كه‌ى هه‌رێم نامێنێت، ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى نه‌وتى كه‌ركوكیش ده‌ڵێت، له‌ماوه‌ى چه‌ند مانگى رابردوشدا به‌هۆى وه‌ستانى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى كه‌ركوك بۆ ده‌ره‌وه‌ زیانى زیاتر له‌ دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار به‌ر عێراق كه‌وتووه‌.


له‌ پێنج مانگى رابردوودا به‌هۆى وه‌ستانى هه‌نارده‌ى نه‌وتى كه‌ركوك بۆ ده‌ره‌وه‌، زیانى دارایى به‌ عێراق كه‌وتووه‌ و هۆكارێك بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى قه‌رز له‌ سندوقى نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تى بكات.

به‌پێى ئاماره‌ نافه‌رمییه‌كان له‌ رابردوودا رۆژانه‌ 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كرا، به‌ڵام له‌و چه‌ند مانگه‌دا كه‌ نه‌وتى پارێزگاكه‌ هه‌نارده‌ نه‌كراوه‌، زیانى زیاتر له‌ 45 ملیۆن دۆلار به‌ر پارێزگاى كه‌ركوك كه‌وتووه‌.

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى، سه‌رۆكى لیژنه‌ى نه‌وت و غاز، له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك بۆ دواڕۆژ وتى "به‌غدا سه‌رقاڵى چاككردنه‌وه‌ى ئه‌و بۆرییه‌ كه‌ پێش شه‌ڕى داعش نه‌وتى له‌ كه‌ركوك بۆ موسڵ و دواتر بۆ توركیا پێدا هه‌نارده‌ ده‌كرد، دواى ته‌واوبوونى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى بۆرییه‌كه‌ نه‌وتى كه‌ركوكى پێدا ده‌ڕوات بۆ بێجى و دواتر بۆ موسڵ و له‌وێشه‌وه‌ بۆ توركیا، به‌ چاككردنه‌وه‌ى هێڵه‌كه‌، به‌غدا پێویستییه‌كى ئه‌وتۆى به‌ هه‌رێمى كوردستان و بۆرییه‌ نه‌وته‌كه‌ى نامێنێت، ئه‌وه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندى هه‌رێم نییه‌".

وتیشى "له‌ئێستادا رۆژانه‌ نزیكه‌ى 180 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ كێڵگه‌كانى كه‌ركوك ده‌رده‌هێنرێت و ده‌نێردرێت بۆ پاڵاوتگه‌كانى ناوخۆ، به‌ڵام ماوه‌ى پێنج مانگه‌ هه‌نارده‌ى نه‌وتى پارێزگاكه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ راگیراوه‌، ئێستاش نرخى هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانى جیهان به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ 60 دۆلار، به‌مپێیه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا تائێستا زیانى زیاتر له‌ دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار به‌ر عێراق كه‌وتووه‌". 

عه‌سكه‌رى باسى له‌وه‌شكرد "ده‌بوایه‌ عێراق چاره‌سه‌رى به‌په‌له‌ى بدۆزیایه‌ته‌وه‌ و نه‌وته‌كه‌ى نه‌وه‌ستاندایه‌، ئه‌گه‌ر نا ئێستا نه‌ده‌پاڕایه‌وه‌ له‌ سندوقى نه‌ختینه‌یى نێوده‌وڵه‌تى بۆ قه‌رزكردنى دوو ملیار دۆلار".

له‌باره‌ى ده‌ركردنى یاسای كۆمپانیاى نه‌وتى نیشتیمانى له‌ په‌رله‌مانى عێراق و كاریگه‌رییه‌كانى له‌سه‌ر پارێزگاكان، وتى "یاساكه‌ ناده‌ستورییه‌ و ده‌بێت پارێزگاكان قبوڵى نه‌كه‌ن، چونكه‌ كۆمپانیاى نه‌وتى نشتیمانى له‌ سه‌رجه‌م عێراقدا ده‌توانێت وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزارى له‌ بوارى نه‌وت و غازدا بكات، بۆیه‌ پارێزگاكان هیچ ده‌سه‌ڵاتێكیان به‌سه‌ر ده‌رهێنانى نه‌وت و كۆمپانیاكه‌دا  نابێت، ته‌نانه‌ت یاساكه‌ رێگه‌ به‌ كۆمپانیا ده‌دات گرێبه‌ست بكات یان خه‌ڵك ده‌ربكات، به‌ڵام یاساى نوێ پاره‌ى پترۆدۆلارى زیادكردوه‌ بۆ 5 دۆلار له‌ هه‌ر به‌رمیلێك".

عه‌سكه‌رى، هۆكارى دواكه‌وتنى گفتوگۆ و رێككه‌وتن له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ دۆخى سیاسى و نزیكبوونه‌وه‌ى واده‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان، هه‌ر رێككه‌وتنێك-یش له‌نێوان هه‌ردوولادا كه‌ ده‌كرێت، به‌بێ ئاگادارى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوكه‌.

پێشتر جه‌بار لعێبى، وه‌زیرى نه‌وت له‌لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نوسان رایگه‌یاند "په‌سه‌ندكردنى یاسای دامه‌زراندنى كۆمپانیاى نه‌وتى نشتیمانى، سه‌رده‌مێكى نوێ ده‌بێت بۆ پیشه‌سازیی نه‌وت و گۆڕانكارییه‌كى گه‌وره‌ له‌ پیشه‌سازیی نه‌وت و غازدا دروستده‌كات، له‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌دا هاتووه‌ كۆمپانیای نه‌وتى نیشتیمانى گشتییه‌، سه‌رمایه‌كه‌شى 400 ملیار دینار ده‌بێت".

ئه‌و نه‌وته‌ى ئێستا له‌ كێڵگه‌كانى كه‌ركوك ده‌رده‌هێنرێت، به‌ ڕێژه‌ى جیاواز ده‌نێردرێت بۆ پاڵاوتگه‌ ناوخۆییه‌كانى عێراق، به‌غداش كار بۆ چاككردنه‌وه‌ى هێله‌ كۆنه‌كه‌ى ده‌كات تا به‌زوترین كات نه‌وتى پارێزگاكه‌ هه‌نارده‌بكاته‌وه‌.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ناو كۆمپانیاى نه‌وتى باكور ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌، رۆژانه‌ ئه‌و نه‌وته‌ى له‌ كه‌ركوك ده‌رده‌هێنرێت به‌م شێوه‌یه‌ رێژه‌كه‌ى دابه‌شكراوه‌ و ده‌نێردرێت بۆ پاڵاوتگه‌كان، 45 هه‌زار لیتر بۆ كه‌ڵه‌ك، 20 هه‌زار لیتر بۆ بازیان، 56 هه‌زار لیتر بۆ كه‌ركوك، هاوكات نزیكه‌ى 55 هه‌زار لیتر نه‌وتیش ده‌نێردرێت بۆ به‌غدا، جگه‌له‌وه‌ش هیچ بڕه‌ نه‌وتێك له‌ كه‌ركوك هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ى عێراق ناكرێت، سه‌رجه‌مى ئه‌و نه‌وتى ده‌رده‌هێنرێت بۆ پاڵاوتگه‌كانى ناوخۆ ده‌نێردرێت، نه‌ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌شى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هۆكارى سیاسى  له‌نێوان به‌غدا و هه‌ولێر و ئه‌نكه‌ره‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد ئه‌و پاڵاوتگانه‌ى به‌هۆى شه‌ڕى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق زیانیان به‌ركه‌وت چاككراونه‌ته‌وه‌، كاریش بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت نه‌وتیان بۆ ببرێت، له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى نه‌وت هه‌نارده‌ى ئێران ده‌كرێت راست نییه‌، ئه‌گه‌ر ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى نه‌وت ده‌ستپێبكات رۆژانه‌ ده‌توانرێت 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى كه‌ركوك بنێردرێته‌ ده‌ره‌وه‌. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure