"گه‌لى كورد له‌ رۆژئاوا مه‌ترسى كۆمه‌ڵكوژى له‌سه‌ره‌"

هەواڵ / کوردستان :: 11/03/2018‌ :: 245‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌ دروشمى (له‌عه‌فرین به‌رخودانه‌، هه‌ڵه‌بجه‌ پشتیوانه‌) وه‌ك ده‌ربڕینى هاوسۆزى و پشتیوانى بۆ گه‌لى كورد له‌ عه‌فرین، له‌ناوبازاڕى هه‌ڵه‌بجه‌ خۆپیشاندانێك ئه‌نجامدرا، یه‌كێك له‌ رێكخه‌رانى خۆپیشاندانه‌كه‌ش ده‌ڵێت "توركیا له‌هه‌وڵى گه‌مارۆدانى عه‌فریندایه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ست به‌ كۆمه‌ڵكوژى بكات".

سۆزدار رۆژئاوا، یه‌كێك له‌ رێكخه‌رانى خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، به‌مه‌به‌ستى شه‌رمه‌زاركردنى هێرشه‌ دژ به‌ مرۆڤایه‌تییه‌كانى توركیا بۆ سه‌ر هاووڵاتیان و ژنان و منداڵانى رۆژئاواى كوردستان به‌تایبه‌ت عه‌فرین، وه‌ك به‌شێك له‌ هاووڵاتیانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ پێویستمانزانى ئه‌م خۆپیشاندانه‌ ئه‌نجامبده‌ین و داوا له‌ كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى بكه‌ین چیتر له‌وه‌ زیاتر بێده‌نگ نه‌بن.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ده‌وڵه‌تى توركیا ئێستا له‌هه‌وڵى گه‌مارۆدانى شارى عه‌فریندایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هاووڵاتیانى سیڤیل رێگاى چونه‌ده‌ره‌وه‌یان نه‌مێنێت و پاشان ده‌ست به‌ كۆمه‌ڵكوژى بكات، بۆیه‌ لێره‌وه‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى و رێكخراوه‌كانى مافى مرۆڤ له‌سه‌رتاسه‌رى جیهان ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ گه‌لى كورد له‌ رۆژئاوا مه‌ترسى كۆمه‌ڵكوژى له‌سه‌ره‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ و نابێت لێى بێده‌نگ بين.

ئه‌وه‌شى وت "ئێمه‌ گومانمان له‌ ئازایى و به‌رخۆدانى شه‌ڕڤانانى كورد نییه‌، به‌ڵام مه‌ترسى به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیایى و كۆمه‌ڵكوژكردنى گه‌لى كوردمان هه‌یه‌ له‌ شارى عه‌فرین".

ئه‌مڕۆ 51 ڕۆژه‌ توركیا هێرشى بۆ سه‌ر شارى عه‌فرین له‌ڕۆژئاواى كوردستان ده‌ستپێكردووه‌، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ به‌ سه‌دان هاووڵاتى بوونه‌ته‌ قوربانى.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure