سه‌عدی پیره‌: هیچ لایه‌نێك دژی ریفراندۆم نه‌بوو

هەواڵ / کوردستان :: 10/03/2018‌ :: 1697‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 10ی ئازار لەقەزای ڕانیە لە لایەن ڕێکخراوی چرای چەوساوەکانی ڕاپەڕین دیدارێک لە ژێر ناونیشانی (دوای 27 ساڵ لە ڕاپەڕین حکومڕانی هەرێم بەرەو کوێ؟) سازکرا.


لە دیدارەکەدا هەریەکە لە دکتۆر یوسف محەمەد سەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان و سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و دارا محەمەد ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی و دکتۆر عومەر محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی یەکگرتوو ئامادەی بوون.

لەمیانی ئەو دیدارەدا سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند ، دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ئەو لێکەوتە خراپانەی لە ڕیفراندۆم کەوتەوە هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان دەڵێن ئەوان لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نەبوون، بەڵام لە ڕاستیدا لە کۆبوونەوەی حزبەکان لەگەڵ سەرۆکی هەرێم هیچ کامێک لە لایەنە ساسییەکان دژی ڕیفراندۆم نەبوون.

سەعدی پیرە وتیشی "پێش ڕیفراندۆم مەسعود بارزانی لەکۆبونەوەیەکدا بەڵێنی بە نوێنەری سەرجەم لایەنە سیاسیەکاندا ئەگەر هاتوو ڕیفراندۆم شکستی هێنا یاخود بەجۆرێک بەخراپی بەسەر هەرێمی کوردستاندا شکایەوە، ئەوا ئەو لەبەردەم جەماوەری کوردستان داوای لێبوردن دەکات، بەڵام بە داخەوە بەڵێنەکەی جێبەجێ نەکرد".

هاوكات یوسف محەمەد سەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان لەمیانی وتارێکیدا لەدووەمین دیداری ڕاپەڕین کە ئەمڕۆ شەممە لە قەزای ڕانیە بەڕێوەچوو ڕایگەیاند، بەهۆی ڕیفراندۆمەوە کورد نەیتوانی سود لە شەڕی داعش وەربگرێت، سەرجەم وڵاتانی دراوسێ سودیان لە شەڕی داعش بینی، تەنها کورد نەبێ.

وتیشی "نەک هەر ئەوە، بەڵکو ڕیفراندۆم هۆکاری سەرەکی بوو کە کورد 51%ی خاکەکەی لەدەستبدات و زیاتر لە 50 ساڵ کورد لە ڕووی سیاسی و ئابووری و جوگرافیاوە بگەڕێتەوە دواوە".

یوسف محەمەد ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوەیەکگرتووەکان ڕیفراندۆمی کوردیان بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی جیهان دەبینی، بەوشێوەی کە تەنها لە لایەن سەرکردەیەکی کوردەوە بڕیاری لێبدرێت، بۆیە نەتەوەیەکگرتووەکان پێشنیاری دانوسانی سەرکەردایەتی کوردی کرد لەگەڵ بەغدا لەژێرچاودێری ڕاستەوخۆی ئەنجومەنی ئاسایش و ئه‌وان.

سەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد ئەنجومەنی ئاسایش بە پەیامێک بە سەرکردایەتی کوردیان ڕاگەیاند، ئەوان لەگەڵ بڕیاری تاکلایەنی هەرێم نین بۆ ڕیفراندۆم و جیابوونەوە لە عێراق، بۆیە ئەوان چاودێری دانوستانی کورد و بەغدا دەکەن، ئەگەر هاتوو بەغدا مافەکانی کوردی نەدا، ئەوا دواتر ئەوان پشتیوانی ڕاستەوخۆی ڕیفراندۆم دەکەن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure