ئیتاڵیا لەپارێزگای سلێمانی كار بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەیەك دەكات

هەواڵ / ئابوری :: 10/03/2018‌ :: 1002‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن
قایمقامی قەزای پێنجوێن رایگەیاند لەلایەن وڵاتی ئیتاڵیا، پرۆژەیەك بۆ سەرجەم شارەوانییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی ئامادەدەكرێت و بەچەند قۆناغێكیش دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

زانا رەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێن، لەلێدوانێكدا بەدواڕۆژی وت "لەئێستادا تیمێكی وەزارەتی كاروباری دەرەوەی ئیتاڵیا و رێكخراوی كۆمەڵەی جیهانی (UPP)  گەیشتونەتە هەرێمی كوردستان و سەردانی پارێزگای سلێمانیان كردووە".

راشیگه‌یاند "لەگفتوگۆیەكماندا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ رانگۆنیز، سەرۆكی شارەوانییەكانی ئیتاڵیا باسی لەهۆكاری سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی كرد و تیایدا ئەوەی خستەڕوو كە ئامانجیان پێشكەشكردنی پڕۆژەیەكە بۆ سەرجەم شارەوانییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی".

روونیشیكردەوە " ئەو پڕۆژەیە هەنگاو بەهەنگاو كاری لەسەردەكەن، وەك سەردانكردنی تیمی پسپۆڕییان بۆ قەزاكان و دەستنیشان كردنی پێویستییەكان لەبواری خزمەتگوزاریی و دروستكردنی تیمی شارەزا لە شارەوانی قەزاكاندا و راهێنانیان".

قایمقامی پێنجوێن، وتیشی "هاوكات هەر بەپێی ئەو پرۆژەیە سەرجەم شارەوانییەكانی قەزاكان دەكرێنە دەستە خوشكی شارەوانیەكانی وڵاتی ئیتاڵییا، جگە لەوەش ئه‌نجامدانى پڕۆژە بەپێی پێویستی و ئەو بودجەیەی لەبەردەستاندایە، بەتایبەتی لەبواری (ئاو، ئاوەڕۆ، ژینگە، سەوزایی).



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure