هۆكاری دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم ئاشكراده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 10/03/2018‌ :: 292‌ جار بینراوە

 دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
به‌رپرسێكی باڵای یه‌كگرتووی ئیسلامی رایده‌گه‌نێت، به‌هۆی رێكنه‌كه‌وتنی پارتی و یه‌كێتییه‌وه‌ كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان دیارینه‌كراوه‌، ده‌شڵێت "هیچ كاتێك داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم _مان نه‌كردووه‌".


هادی عه‌لی، سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 10ی ئازاری 2018 به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند، دیارینه‌كردنی كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم و دواخستنی له‌ ئه‌ستۆی پارتی و یه‌كێتی-یه‌.

وتیشی "هیچ كاتێك یه‌كگرتووی ئیسلامی داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌كردووه‌، به‌ڵكو هه‌موو جارێك جه‌ختمان له‌ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌كاتی خۆیدا كردۆته‌وه‌".

له‌باره‌ی دیارینه‌كردنی كاتی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، هادی عه‌لی "به‌هۆی رێكنه‌كه‌وتنی یه‌كێتی نیشتمانی و پارتی دیموكرات كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دیارینه‌كراوه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ كاتی خۆشی داوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختمان كردووه‌ و ئێستاش داواده‌كه‌ین به‌زووترین كات واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم دیاری بكرێت".

پێشتر سه‌رۆكی حكومه‌ت رایگه‌یاند، كه‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم كۆده‌بێته‌وه‌ و كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم دیاریده‌كه‌ن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure