هاوڕێ‌ تۆفیق: زیاتر لە 800 هەزار هاوڵاتی تۆماری بایۆمەتری دەنگدانیان ئەنجامداوە

هەواڵ / کوردستان :: 10/03/2018‌ :: 205‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كەمال
به‌ڕێوه‌به‌رى ئۆفیسى سلێمانى كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان رایده‌گه‌یه‌نێت، تائێستا له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى زیاتر له‌ 800 هه‌زار كه‌س خۆیان له‌ تۆمارى بایۆمه‌ترى تۆماركردووه‌ و ده‌شڵێت، هه‌ڵمه‌تى هەڵبژاردن لە 10ی نیسانەوە دەستپێدەكات.


هاوڕێ‌ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 10ی ئازاری 2018 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تائێستا لە سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین 808 هەزار و 951 هاوڵاتی تۆماری بایۆمەتری دەنگدانیان كردووە، لەكۆی ملیۆنێك و 380 هەزار دەنگدەر كە دەكاتە 65.1%ی رێژەی دەنگدەران.

وتیشی "داوا لە هەموو ئەو هاوڵاتیانە دەكەم كە تائێستا خۆیان تۆمارنەكردووە، تكایە سەردانی بنكەكانی كۆمسیۆن بكەن بۆ ئەوەی بەشێوەی بایۆمەتری خۆیان تۆماربكەن".

باسی لەوەشكرد "ئەو هاوڵاتیانەی خۆیان تۆماركردووە كارتی تازەی بایۆمەتریان بۆ دەرچووە، كە لەكارتی پێشووی دەنگدان جیاوازە و كارتی ئەلكترۆنیە و وێنەی فۆتۆگرافی لەسەرە، بۆیە داوا لەو هاوڵاتیانە دەكەین كە خۆیان تۆماركردووە بچن لە بنكەكانمان وەریبگرنەوە، پرۆسەكەش تا كاتی دەنگدان بەردەوام دەبێت".

هاوڕێ‌ تۆفیق داواشی لە راگەیاندنەكان كرد هیچ ریكلامێكی پەیوەندیدار بە تۆماری بایۆمەتری بڵاونەكەنەوە، جگە لەو ریكلامانەی كە كۆمسیۆن بەشێوەیەكی هونەریی و بە ناوەڕۆكێكی نیشتمانی كە هیچ پەیوەندی بە پڕوپاگەندەی حزبایەتییەوە نیە ئەوانە بڵاوبكەنەوە، سوپاسی هەر كەناڵێكیش دەكەین ئەو ریكلامانەمان بۆ بڵاوبكەنەوە بۆ هاندانی هاوڵاتیان.

باسی لەوەشكرد "بەداخەوە بەهۆی ئەوەی كەناڵە ئاسمانیەكانی هەرێم مۆڵەتی فەرمیان لە دەزگای راگەیاندنی عێراقی نیە، بۆیە نەتوانراوە هاوشێوەی كەناڵە عێراقیەكان لە بەرامبەر رێككەوتنێكی دارایی بەرهەكانی كۆمسیۆنیان پێبدرێت و بڵاوی بكەنەوە، لەبەرئەوەی ئەمە هەڵبژاردنێكی فیدڕاڵییە دەبێت رەچاوی یاسا فیدڕاڵییەكان بكەین".

ئەوەشی خستەڕوو "پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن لە 10ی نیسانەوە دەستپێدەكات تا 24 كاتژمێر بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، داواش لە هەموو حزبەكان و كاندیدەكان دەكەین خۆیان بەدووربگرن لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن، لەبەر ئەوەی بەپێی رێنماییە كارپێكراوەكانی كۆمسیۆن وەكو سەرپێچی هەژماردەكرێت، لە پارێزگای سلێمانیش لیژنە دانراوە بۆ ئەوەی سەرپێچییەكان تۆماربكەن".

به‌رپرسى ئۆفیسى سلێمانى كۆمسیۆن هێمای بۆ ئەوەشكرد "لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن داوا لە حزبەكان و دەزگاكانی راگەیاندن دەكەین خۆیان بەدووربگرن لە پڕوپاگەندەی نایاسایی و ناشارستانی و ناوزڕاندن، ئەمانەش نەك تەنها لە رووی یاساییەوە لەرووی فەرهەنگیشەوە نمونەیەكی ناشرینە لە ململانێیەكی دیموكراسی، بەڵكو لەجیاتی ئەوە بەرنامەی لیستەكەیان بخەنەڕو و گفتوگۆ بكەن".

رونیشیكردەوە "هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان كە لەدەرەوەی وڵات دەژین مافی ئەوەیان هەیە بەشداری هەڵبژاردن بكەن و دەنگ بدەن بۆ شارە ئەسڵیەكەی خۆیان و لە سەرجەم وڵاتەكان بنكەیان بۆ دەكرێتەوە، داواشیان لێدەكەین لە رێگەی ماڵپەڕی كۆمسیۆنەوە تۆماری بایۆمەتری بكەن و ئەو تۆماركردنە لە شێوەی كاغەز رابكێشن و لە رۆژی دەنگداندا دەبێت ئەو بەڵگەنامەیەیان پێبێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure