"ئێران غازی سروشتی دەداتە قەزای چۆمان"

هەواڵ / ئابوری :: 10/03/2018‌ :: 288‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حەمەد رابی 
قایمقامی قەزای چۆمان رایدەگەیەنێت "ئێران رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕاكێشانی بۆری غازی سروشتی ماڵان، بەڵام لەسەر وردەکارییەکەی هێشتا رێكەوتنی كۆتایی نەکراوە".


ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای چۆمان لە لێدوانێكدا بە دواڕۆژی راگەیاند "دوای ئەوەی وەفدێكمان چووینە كۆماری ئیسلامی ئێران، پێشنیازی ئەوەمان خستە بەردەم بەرپرسانی ئێران كە ڕێككەوتنێك بكەین بۆ مەبەستی ڕاكێشانی بۆری غازی سروشتی ماڵان لەسنوری قەزای چۆمان و ناحیەی حاجی ئۆمەران". 

وتیشی "بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران پێشنیازی وەفدەكەی ئێمەیان پەسەندكردووە و رازی بوون پڕۆژەی راكێشانی غازی سروشتی ماڵان لە رێگەی بۆرییەوە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە لە دەڤەری باڵەكایەتی". 

قایمقامی قەزای چۆمان ئاماژەی بەوەشدا "ئێستا ماوەتەوە سەر ئەوەی هەردوولامان چۆن بتوانین پڕۆژەكە بخەینە بواری كردارییەوە". 

باسی لەوەشكرد، كە دەبێت پڕۆژەكە بەشێوەیەك رێكبخرێت تاكو بەئاسانی بتوانرێت سەرجەم دانیشتوانی سنوری قەزای چۆمان و تەواوی باڵەكایەتی لەو پڕۆژەیە سوودمەند ببن. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure