دواده‌كرێت له‌چاكسازییه‌كانی حكومه‌تدا كه‌سوكاری شه‌هیدان نه‌كرێنه‌ قوربانی

هەواڵ / کوردستانی :: 10/03/2018‌ :: 323‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لی حه‌مه‌سه‌عید
كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ یاداشتێك ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مانتارانی هه‌رێم ده‌كات و داواده‌كات، له‌ چاكسازییه‌كانی حكومه‌تدا كه‌سوكاری شه‌هیدان نه‌كرێنه‌ قوربانى.

ئه‌مڕۆ 10ی ئازاری 2018 له‌ ماڵى عومه‌رى خاوه‌ر، كه‌ باره‌گاى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌یه‌،  له‌لایه‌ن سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانه‌وه‌ به‌ ئاماده‌بوونى چه‌ند په‌رله‌مانتارێكى هه‌رێمى كوردستان یاداشتێك ئاڕاسته‌ى په‌رله‌مان كرا.

لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا یاداشته‌کەى خوێنده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌، پڕۆژه‌ی چاكسازی مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ له‌ هه‌رێم كارێكی باشه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج و نیگه‌رانی ئێمه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ناوی چاكسازییه‌وه‌ ماف له‌ قوربانییه‌كانمان ده‌سه‌نرێته‌وه‌ و مینحه‌ی به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیاوی ده‌بڕدرێت، هه‌رچه‌نده‌ چاوه‌ڕێمان ده‌كرد ئه‌و پاره‌یەی بۆ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بڕێكی دیاریكراوی بۆ چاره‌سه‌ری به‌ركه‌وتوانی چەکی کیمیایی ته‌رخان بكرایه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، داواده‌كه‌ین له‌ چاكسازییه‌كانى حكومه‌تدا جارێكى تر ئێمه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدان نه‌بینه‌وه‌ قوربانی و ئه‌و مینحه‌یه‌شى كه‌ بۆمان بڕاوه‌ته‌وه‌ رێگرنه‌بێت له‌ هیچ مووچه‌یه‌كی تر، هاوكات له‌گه‌ڵ پێداچوونه‌وه‌ین به‌ ناوى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ وه‌ك به‌ركه‌وتووى چه‌كى كیمیایى ناویان تۆماركراوه‌.

هه‌ر له‌و كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌دا هه‌ورامان گه‌جێنه‌یى، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان، به‌ناوى په‌رله‌مانتارانى فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانى په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌وه‌ى وت "به‌ هه‌موو توانایه‌كمان پشتگیرى له‌ داواكارى كه‌سوكارى شه‌هیدان ده‌كه‌ین و چاكسازیكردن له‌ مووچه‌كانیان به‌ مافێكى ره‌واى خۆیان ده‌زانین بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌وه‌ى پێمان بكرێت له‌ دروستكردنى فشار له‌سه‌ر حكومه‌ت ئه‌نجامى ده‌ده‌ین بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ گوزه‌ران و ژیانى كه‌سوكارى شه‌هیداندا".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure