وەزیری دەرەوەی تورکیا: کەس ناتوانێت لە ناتۆ دەرمانکات

هەواڵ / جیهان :: 10/03/2018‌ :: 385‌ جار بینراوە

تاگ :: تورکیا

دواڕۆژ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند ئەو بۆچونانەی پێیان وایە ئەندامێتی تورکیا لە ناتۆ لە مەترسیدایە رەنگدانەوەی واقیعەکە نین.

 مەولود چاوشئۆغڵو، لە میانەی دیمانەیەکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیخلاسی تورکی وتی"کەس ناتوانێت لە ناتۆ دەرمان کات و لەڕوی تەکنیکیەوە ئەوە مەحاڵە"


چاوشئۆغڵو رەخنەی لە هەندێک لە وڵاتانی خۆرئاوا گرت کە نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ تورکیا بکەن و وتی " ئیدی ناتوانرێت وەک ٢٠ ساڵ لەمەوبەر مامەڵە لەگەڵ تورکیا بکرێت و نەتەوەی تورک ئەوە رەتدەکەنەوە. دەبێت لەوە تێبگەن تورکیاش وەک ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا هاوبەشێکی هاوتایە"


وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە دەستگیرکردنی پزیشکانی تورک و ئەو کەسانەی دیکە کە ڕەخنەیان لە ئۆپەراسیۆنی چڵە زیتون بۆ سەر عەفرین گرتوە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد" دەشێت ئازادیی رادەربڕین هەبێت، بەڵام نابێت رەخنە لە سوپای تورکیا بگیرێت و بەوە تاوانبار بکرێت کە خەڵکی مەدەنی دەکوژن".


سەبارەت بە نیگەرانیەکانی خۆرئاوا لە مامەڵەی کڕینی سیستمی موشەکی S-400 ی روسی لەلایەن تورکیاوە، چاوشئۆغڵو وتی"بەهۆی تێبینیەکانی کۆنگرێسی ئەمریکاوە تەنانەت ناتوانین چەکی سوکیش لە ئەمریکا بکڕین بۆیە پێویستمان بە سیستمی بەرگریە، ئەگەر کۆنگریس رەزامەندی دەرببڕێت سیستمی پاتریۆتیان لێدەکڕین"
وەرگێڕانی: کامەران ئەحمەد       



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure