پزیشكانی كەنەدا و پەرلەمانتارانی كوردستان

هەواڵ / چاوی تۆ :: 10/03/2018‌ :: 223‌ جار بینراوە

عەلی مەحمود محەمەد
بەلاتانەوە سەیر نییە لە هەرێمی كیبك-ی كەنەدی زیاتر لە700 پزیشك داواكارییەكیان واژۆ كردووە وەك ناڕەزایینامەیەك دژ بە زیادكردنی مووچەكانیان بە رێژەی 1,4%. ئەوان دەڵێن ویژدانمان قەبووڵ ناكات مووچەی ئێمە زیاد بكرێت كەچی مووچەی پەرستیاران زیاد نەكرێت، لەكاتێكدا ناوەندی مووچەی پزیشكان لە كەنەدا ساڵانە 403 هەزار دۆلارە.

نا، بۆ ئەمە سەیربێت؟ راستە لەئێستادا بۆچوونی باو كە هەیمەنەی هەیە  لە كۆمەڵگه‌دا كەڵەكەكردنی سەرمایە و بۆچوونی خۆپەرستانەی بۆرژوازییە، لێ مرۆڤایەتی لەئێستادا بەهۆی بەرفراوانبوونەوەی قڵشتی چینایەتییەوە، هەستی چینایەتییان گەیشتووه‌تە ئەوپەڕی، ئەمرۆ جیاوازیی داهات بووه‌تە كێشەی یەكەمی مرۆڤایەتی لە جیهاندا. سەیری راپرسییە پرۆفیشناڵەكانی تەنانەت دەزگا بۆرژوازییەكان بكەن، سەرجەمیان ئەوە دەردەخەن كه‌ جیاوازیی داهات و خاوەندارێتی كێشەی یەكەمی مرۆڤەكانە، لە پانتایی جیهاندا.

پێچەوانەی ئەمەی لە كەنەدا روودەدات, بینیمان پەرلەمانتارانی خۆمان، ئەوانەی لە شاری هەولێر لە تەلارێكدان ناوی پەرلەمانە و پێشتر ناوی ئەنجومەنی یاسادانان بوو, لەلایەن حكومەتێكی چەوسێنەری گەندەڵەوە پێشنیارێك دەخرێتە بەردەستیان بۆ كەمكردنەوەی مووچەكانیان و رەتكردنەوەی خانەنشینكردنی گەنجەكانیان، ئەوان لەبریی پەسەندكردنی، دێن  بەڕێژەی150% زیاتر لەوە بۆ خۆیان دیاریدەكەن. سەیرەكەیان لەوەدایە  نازانن ئەمڕۆ كێشەی جیاوازیی داهات كێشەی یەكەمی مرۆڤایەتییە، مرۆڤایەتی لەبەردەم شۆڕشێكی گەورەی چینایەتی چاوەڕوانی سەمایەكە بڵێت گوڵ  لێرەیە بەرەو سەركەوتن.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure