به‌ڕه‌سمى داواى راگرتنى دراما توركییه‌كان دەکرێت

هەواڵ / که‌لتور :: 08/03/2018‌ :: 260‌ جار بینراوە

تاگ :: رۆشنبیرى

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
وته‌بێژى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤى هه‌رێمى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڕه‌سمى داوایان له‌ وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى كردووه‌ ئه‌و دراما توركیانه‌ رابگیرێن كه‌ ده‌بنه‌هۆى لاساییكردنه‌وه‌ى منداڵ و ئافره‌تان و دیارده‌ى كوشتن و خۆكوشتن زیاد ده‌كات.

محه‌مه‌د گۆمه‌شینى، وته‌بێژى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤى هه‌رێمى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند"به‌داخه‌وه‌ى له‌زۆربه‌ى كه‌ناڵه‌ لۆكاڵى و ئاسمانییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان دراماى توركی په‌خش ده‌كرێت، به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ فلته‌رێكى له‌سه‌ر دابندرێت كه‌ ئه‌مه‌ش خراپه‌و كاریگه‌رى نه‌رێنى له‌سه‌ر منداڵ و ئافره‌تان هه‌یه‌".

وته‌بێژى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ وتیشى"له‌ به‌شێكى زۆر له‌ دراما توركییه‌كان دیمه‌نى كوشتن پیشان ده‌رێت، ئه‌و دیمانانه‌ش له‌ كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كان وه‌كو خۆى په‌خشده‌كرێت، به‌مه‌ش منداڵى نه‌وجه‌وان و كچ و ئافره‌تانى ئێمه‌ كاتێك توشى كێشه‌یه‌ك ده‌بن، هه‌مان ئه‌و دیمانانه‌ش دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى به‌شێكى ترى له‌ دراما توركییه‌كان له‌گه‌ڵ كه‌لتورو فه‌رهه‌نگى ئێمه‌ ناگونجێت، بۆیه‌ داوامان كردووه‌ ئه‌و درامایانه‌ رابگیرێن".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد به‌ نووسراوێكى ره‌سمى داوامان له‌ وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى هه‌رێم كردووه‌ ئه‌و درامایانه‌ رابگرێت، به‌ڵام له‌ وه‌ڵامدا وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى ده‌ڵێت "پێویسته‌ به‌ لیستێك ناوى دراماكان و كه‌ناڵه‌كانمان بۆ بنێرن تاكو رابگیرێن".

له‌باره‌ى راگرتنى دراما توركییه‌كان، دواڕۆژ په‌یوه‌ندى به‌ محه‌مه‌د گه‌ردى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى چاپ و په‌خش و بڵاوكردنه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى رۆشنبیرییه‌وه‌ كرد، به‌ڵام به‌بیانووى سه‌فه‌ركردنى ئاماده‌نه‌بوو لێدوان  له‌وباره‌یه‌وه‌ بدات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure