كونسڵی کۆریای باشور: بەھۆی شەڕی داعشەوە کۆمپانیاکانمان نایەنە کوردستان

هەواڵ / ئابوری :: 08/03/2018‌ :: 348‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
كونسڵی گشتی کۆریای باشور لە ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەھۆی شەڕی داعشەوە کۆمپانیاکانمان نەھاتوون بۆ کارکردن لە کوردستان، بەڵام پاش ئاساییبوونەوەی ڕەوشەکە ئامادەن بێنە کوردستان.


پارک ێۆنگ کی، کونسڵی گشتی کۆریای باشور لە کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ سەرۆکی ژوورگ بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی کۆبووەو ڕایگەیاند "وڵاتەکەی دەیەوێت لەگەڵ ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی بەھێزبکات و کاری زیاتر لە نێوان ھەردوولادا بکەین".

وتیشی" پێش شەڕی داعش کۆمەڵێک لە کۆمپانیاکانی کۆریا ویستیان بێنە کوردستان و دەستبەکارکردن بکەن، بەڵام شەڕی داعش ئەو کۆمپانیایانەی دواخست و کارەکانیان وەستاند، بەڵام لەھەرکاتێکدا ڕەوشەکە ئاسایی بێتەوە ئامادەن بێن لەکوردستاندا كار بکەن".

ئاشكراشیكرد "لەئێستادا ھەموو ھاوڵاتیەکی کوردستان دەتوانێت بە مەبەستی خوێندن ڕوو لە کۆریا بکەن و لەلایەن ئێمەشه‌وە کارئاسانی تەواویان بۆ دەکرێت.

هاوكات سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند" لەکۆبونەوەکەماندا لەگەڵ کونسوڵی کۆری پێمان ڕاگەیاندن لەڕووی بازرگانیەوە شاری سلێمانی بازرگانەکانی لەگەڵ زۆربەی ووڵاتانی جیھان و به‌تایبه‌تیش كۆریا کاردەکەن و توانیویانە پەیوەندی بەھێز دروستبکرێت،  زۆرێک لە بازرگانان بریكارى كاڵاو و ئامێری کارەبایی كۆریایی وەرگرتووە و زۆربەی کۆمپانیا گەورەکانی کۆریاش بریكاریان لەکوردستاندا هه‌یه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure