هەڵەبجە: لە 8ی مارسدا ژنان گردبوونەوە

هەواڵ / کوردستانی :: 08/03/2018‌ :: 298‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
وەك دەربڕینی ناڕەزایەتی لەبارەی جێبەجێنەكردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی بۆ خستنه‌ڕووى چه‌ند داواكارییه‌ك، ئەمڕۆ 8ی مارس ژمارەیەك لە ژنانی هەڵەبجە بە هەماهەنگی لەگەڵ نوسینگەی مافی مرۆڤ و رێكخراوی هاریكاری یاسایی لە بەردەم بینای پارێزگا گردبوونەوەكی ناڕەزاتیان ئەنجامدا.

 
له‌میانه‌ى گردبونه‌وه‌كه‌دا شۆخان حەمەڕەشید، پارێزەر لە رێكخراوی هاریكاری یاسایی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەیاننامەیكی خوێندەوە و تیایدا هاتووه‌، وەك ژمارەیەك لە رێكخراوەكانی بواری ژنان و هەروەها نوسینگەی مافی مرۆڤی هەڵەبجە لە رۆژی 8ی مارسدا داواكارین لە لایەنە پەیوەندیدارەكان بە جدی كاربكەن بۆ جێبەجێكردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و هەروەها كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی كێشە خێزانییەكان لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە.

ئاماژەی بەوەشكرد، جێگەی داخە دوای تێپەڕبوونی سێ‌ ساڵ بەسەر دەرچوونی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و هەروەها بە پارێزگابوونی هەڵەبجەدا، بەڵام تائێستا نەتوانراوە كۆمەڵێك بەڕێوەبەرایەتی گرنگ و پێویست لەم شارەدا بكرێنەوە، بۆیە ئێمەی ژنان لەسەر فشارەكانمان بەردەوام دەبین تا ئەوكاتەی بەڕێوەبەرایەتی كێشە خێزانییەكان لەهەڵەبجە دەكرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هەر ئەمڕۆ یاداشتێكمان ئاراستەی ئیدارەی پارێزگا كردووە.
 
لاى خۆیه‌وه‌ كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە سەبارەت بە داواكاری ژنان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند، وەك ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە كەمتەرخەم نەبووین لە كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەكان، بەڵام بەشێك لە وەزارەتەكان پابەندنەبوون بە بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی و بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكان لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە، هەر لەو چوار چێوەیەشدا بەڕێوەبەرایەتی تایبەت بە كێشە خێزانییەكان نەكراوەتەوە.

ئەوەشی وت، بە هەموو توانایەكمانەوە پشتگیری لە داواكاری ژنان و رێكخراوەكانی بواری ژنان دەكەین بۆ كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی كێشە خێزانییەكان بۆیە ئەم یاداشتەی كە ئەمڕۆ لەم گردبوونەوەیدا ئاراستەمان كراوە ئێمەش ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی وەزیرانی دەكەین بۆ ئەوەی بتوانرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا داواكاری ژنان بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure